Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میرانی: دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی یەكتر، دوورە لە پرەنسیپەكانی حكوومەتی هەرێم

هەولێر-KDP.info- لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكوور، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی یەكتر، دوورە لە پرەنسیپەكانی حكوومەتی هەرێم و هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و لە سەرووشیانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان.

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان  پێشوازی لە مەسعوود تەك، سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكوور و شاندی یاوەری كرد.

فازڵ میرانی، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، رۆشنایی خستە سەر رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و دواپێشهات و رووداوە هەنووكەییەكانی ئەم دوایییەی عێراق و كوردستان و ناوچەكە.

میرانی دووپاتی كردەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك مەسعوود بارزانی، پاڵپشتی مافە رەواكانی هەموو گەلێكە كە خەبات دەكات تا مافەكانی خۆی بە رێگای ئاشتیانە و بێ توندوتیژی بە دەست بێنێت.

هەروەها میرانی جەختی كردەوە، دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی یەكتر، دوورە لە پرەنسیپەكانی حكوومەتی هەرێم و هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و لە سەروویانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام لە هەمان كاتدا دەستی هاوكاری و یارمەتیدان بۆ لێقەوماوان درێژ دەكەین بە بێ جیاوازیی نەتەوە و ئایین و مەزهەب.

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا كە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكوور pskمێژوویین و هەر لە دەستپێكدا ئەم پەیوەندیانە لە خزمەتی گەلی كوردستاندا بوون بۆ گەیشتن بە مافەكانی وەك هەموو گەلانی جیهان.

لای خۆیەوە، مەسعوود تەك، سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكوور psk، زۆر سوپاسی مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی كە لێیان كراوە و دووپاتی كردەوە، كە گەلی كوردستان یەك دەرد و یەك ئازار و یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش بەسەربردنی ژیانە بە سەرفرازی لەسەر زێدی خۆیان و گەلی كوردستان هەر لە دێر زەمانەوە پەرۆشی ژیانێكی سەقامگیر و پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە و ئەمە لە خەسڵەتە هەرە گرنگەكانی گەلی كورد و كوردستانە.

مەسعوود تەك، پەیوەندیی دووقۆڵی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی سۆسیالیستی كوردستانی باكوور pskبە پێشكەوتوو و زۆر سەركەوتووانە وەسف كرد و هیوای خواست كوردستان هەر لە پێشكەوتن و گەشەسەندندا بێت.