Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق دەكات

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 11ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئاڵبێرتۆ مارتین ئۆرتێگا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و، ڕایگەیاند ئەوەی پێشمەرگە ئەنجامی دا كارێك بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی. هەروەها پێزانینشی هەبوو بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا ئاوارە و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانیان پاراست و دەرگەیان بۆ كردنەوە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكان و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵك لە بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق تاوتوێ كرا و جەخت لە ڕەوایەتیی داواكاریی هاووڵاتیان و خۆپێشاندانی ئاشتیانە كرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە توندوتیژی جا لە هەر لایەك بێت كێشەكانی عێراق قووڵتر دەكاتەوە.

پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.