Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەكهێزی‮ ‬بەردی‮ ‬بناغەی‮ ‬یەكڕیزییە

سەلام عەبدوڵڵا

یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكانی دڵەڕاوكێی خەڵكی هەرێم لە هەر پێشهاتێكدا، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەكهێزی كە لایەنێكی زۆر پێویستە بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایش و نەهێشتنی نیگەرانیی خەڵك، چونكە لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی پارتی و یەكێتی ئەگەر تەنیا بە وشەو ڕاگەیاندنێكی میدیاشدا بێت، ئەو ترسە یەخەی دانیشتووانی هەرێم دەگرێت و بارودۆخی بازاڕیش بەوپێیە ئاڵۆزیی و نامتمانەیی تێدا پەیدا دەبێت.

ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا هێزێكی سەربازیی یەكگرتووی تەواو و سەرتاسەری نییە، ئەگەرچی هەوڵی بۆ دراوەو بە بەردەوامی هەوڵیشی بۆ دەدرێت، بەتایبەتی وا (27) ساڵ بەسەر دامەزراندنی قەوارەی هەرێمدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا ئەو یەكهێزە نەهاتۆتە كایەوە كە ئەركی بەرگری لە وڵات بخاتە سەرشانی و خۆی تێكەڵی ململانێی حزبە سیاسییەكان نەكات.

هۆكاری سەرەكیی سەقامگیریی سیاسی لە هەموو وڵاتێكدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یەكهێزییەی كە فەرمان تەنیا لە سەرۆكی وڵات یان وەزیری بەرگرییەوە وەردەگرێ و گوێڕایەڵی هیچ لایەنێكی تر نابێت، بەوەش هێزی سەربازی سەربەخۆیی خۆی دەپارێزێ و داخڵی هیچ ململانێیەكی حزبی نابێت و بێلایەن دەبێت، كە ئەمەش دڵنیایی بە هاووڵاتییانی دەدات و نەیارانیش هیچ كون و كەلێنێك نابیننەوە بۆ دەستتێوەردان و شێواندنی بارودۆخی نێوخۆی وڵاتەكە.

جا ئەم یەكهێزییە دەبێتە بەردی بناغەی یەكڕیزی حزبە جیاجیاكانیش و دەبێتە شاكۆڵەكەی سەقامگیریی نێوخۆی وڵات و پشتیوانێكی بەهێزیش دەبێت بۆ بەرقەراربوونی سیستەمی دیموكراتی، چونكە ئیدی هیچ حزبێك، لەبەر نەبوونی هێزی سەربازی، بیر لە كودەتاو شێواندنی بارودۆخی وڵات بۆ دەستكەوتی حزبی ناكاتەوە.

هەر ئەو ڕاستییەشە كە لە وڵاتانی دیموكراتی بە ئاشكرا بەدی دەكرێ كە هێزی سوپای وڵات، چونكە سوپای حزب و لایەن نییەو لە دەرەوەی ململانێی حزبییە، بۆیە كەس بیر لە كودەتا ناكاتەوەو بە گۆڕینی دەسەڵاتیش بە شێوازی دیموكراتیانە، جا لەلایەن هەر حزب و بەرەیەكەوە بێت، ئەوا سوپا هەروەك خۆی دەمێنێتەوەو گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.

بە پێچەوانەشەوە ئەو وڵاتانەی خاوەنی فرە هێزو میلیشیای جیاوازو نەبوونی سوپایەكی یەكگرتوون، ئەوا هەمیشە لە ناسەقامگیریدا دەژین و شەڕو ئاژاوەو كودەتای سەربازی و لێكترازانی كۆمەڵگەو دوژمنكاری نێو پێكهاتەكان هەر بەردەوام دەبێت.

بۆیە ئیدی كاتی ئەوە هاتووە كە دەسەڵات لە هەرێم ئەم مەسەلەیە زۆر بە گرنگی و بایەخەوە بگرێت و بیكاتە كاری سەرەكی خۆی.

بارودۆخی ناوچەكە لە گۆڕانی خێرا دایەو مەترسییەكانیش كەم نین، بۆیە ئەم ئەركە پیرۆزە كاری خێراشی دەوێ.