Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: لە خزمەتکردنی خوشک و برایانی رۆژئاوامان درێغی ناکەین

بەردەڕەش-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی کامپی بەردەڕەشی کرد کە بووەتە لانەی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و لە نزیکەوە لە کێشەو و پێداویستییەکانیانی کۆڵیەوە.

مەسروور بارزانی لە میانی سەردانکردن و بەسەرکردنەوەی کەمپی بەردەڕەش رایگەیاند: "دەستخۆشی لە هەمووان دەکەم کە پێشوازیتان لە خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان کردووە".

راشیگەیاند، یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە ئێستا لە هەموو پارێزگاکانی کوردستانن کە ئەمە ئەرکێکی زۆری خستووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ساڵانە یەک ملیار و 500 ملیۆن  دۆلار خەرجی بەڕێوەبردنی ئەم کامپانانەن.

مەسروور بارزانی گووتی: "هاوکاری کردنی ئەم پەنابەرانە ئەرکێکی نێودەوڵەتییە و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانانمان دەکەین هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ئەم کامپانە بکەن".

سەرۆکی حکوومەت داوای لە بەڕێوەبەرانی کەمپەکە کرد: "تاوەکو ئەو کاتەی ئەم پەنابەرانە کێشەکانیان چارەسەر دەبن و دەچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێمە پێشوازیان لێدەکەین و داوا دەکەم لە خزمەتکردنیان کەمتەرخەمیی نەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئاستی سیاسیش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت تاوەکو کێشە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان چارەسەر ببن.