Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێڤیدار ئەحمەد: هەفتەی دابێ پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان ده‌گاته‌ سەرۆكایەتیی هەرێم

هەولێر-KDP.info- هەفتەیەك لەمەوبەر پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان دا، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتیش دەڵێت، هەفتەی دابێ پڕۆژەیاساكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە بۆ سەرۆكی هەرێم دەنێردرێت و واژۆی لەسەر دەكات، كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم پاڵپشتی تەواوی ئەم پڕۆژه‌ یاسایه‌ی پەرلەمانە.

۳۰ـی ۱۰ـی ۲۰۱۹پەرلەمانی كوردستان بە كۆی دەنگی ۱۰۰پەرلەمانتار ده‌نگیان به‌ پڕۆژه‌ یاسایی تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانی دا، دوای پەسەندكردنیشی، سەرۆكی هەرێم واژۆ لەسەر پڕۆژه‌ یاساكه‌ دەكات.

لەو بارەیەوە، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی، هێڤیدار ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ پڕۆژه‌ی تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان لە پەرلەمان په‌سند كرا، لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان پێداچوونەوەی ڕێنووسیی بۆ كردووە، كاتێكیش لە لیژنەی یاسایی تەواو بوو، سەرۆكی پەرلەمان واژۆی دەكات و ڕاستەوخۆ بۆ سەرۆكی هەرێم دەنێردرێت، بەپێی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمانی كوردستانیش، ئەو ڕۆژەی پڕۆژه‌ یاساكه‌ دەگاتە بەردەستی سەرۆكی هەرێم، لە ماوەی ۱٥ڕۆژدا بڕیارەكە واژۆ دەكرێت، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، زۆر پشتگیری لەم پڕۆژه‌ یاسایه‌ دەكات، چونكە خەڵكانێكی هەژاری ئەم وڵاتە لێی سوودمەند دەبن.

ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی: "بە ده‌رچوونی یاساكه‌ش، ئەوانەی خانووەكانیان تاپۆ دەكرێت، بە سوودمەند (موستەفید) هەژمار ناكرێن، واتا ئەگەر فەرمانبەر بێ یان مامۆستا بێ لە حكوومەت، بۆی هەیە پارچەزەوییەكیش وەربگرێت، بۆیە هاووڵاتیان با بە لاڕێدا نەبردرێن و پارە‌ بە كەس نەدەن، بەڵكوو هەركەسە و با بە ناوی خۆیەوە بكات".

هێڤیدار دەشڵێ: "ئەم بڕیارە بۆ ئەو زەوییانە نییە كە خانووی كۆنكرێتییان لەسەر نەكردووە، ئەمە ئەو جۆرە خانووانە ناگرێتەوە و تەنیا بۆ ئەوانەیە كە خانووەكەیان هەیكەلە و یان خانوویەكی تەواویان لەسەر دروست كراوە، كە لەم حاڵەتەدا تاپۆ دەكرێت."

 

 

هەلكەوت محەمەد

 فایزە كۆیی