Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی حكوومەت خۆی پاڵپشتیی دەكات، چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵییەك ناكرێت

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "سەردانی دەستەی وەبەرهێنانمان كردووە و میكانیزمێكی زۆر باشیان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی داناوە و زۆریش جیددین، چونكە سەرۆكی حكوومەت لە پشت دەستەی وەبەرهێنانە و چاوپۆشییش لە هیچ كەسێك ناكەن گەندەڵی بكات".

سەعید هەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەكرێنەوە كە گوایە لە هەولێر دەست بەسەر كۆمەڵێك زەویدا گیراوە و بە قسەی ئەوان بە ناوی وەبەرهێنانەوە دراون بە خەڵكانێك و لێیان وەرگیراوەتەوە، راست نییە، چونكە ئێمە سەردانی دەستەی وەبەرهێنانمان كردووە و قسەمان لەگەڵ سەرۆكی وەبەرهێنان كردووە و هیچ باسێكی لەو شێوەیەی نەكردووە و ئەوانەی ئەو باسەشیان ورووژاندووە، هیچ بەڵگەیەكیان نییە".

هەركی گوتیشی: "لە دەستەی وەبەرهێنان میكانیزمێكی زۆر باش دانراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە پڕۆژەكانی وەربەرهێناندا و كۆمەڵێك هەنگاویش نراون و هەندێك باخچەی ساوایان و قوتابخانە و هەندێك شوێنی دیكەش كە بە زێدەرۆیی دروست كرابوون، راستەوخۆ تێكدران، لە هەر شوێنێكیش گەندەڵی هەبێت، رێگری لێ دەكرێت".

ناوبراو ئاماژەشی دا: "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لەم كابینەیەدا، جیددییەتێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی چاكسازیی تەواو لەكەرتی وەربەرهێناندا بكرێت، چونكە سەرۆكی وەبەرهێنان خۆی ئەندامی لیژنەی باڵای چاكسازی بووە لە هەرێمی كوردستان و، زۆر جیددییە كە چاكسازیی تەواو دەكات لە كەرتی وەبەرهێنان و رووبەڕووی هەموو گەندەڵكاران دەبێتەوە و سەرۆكی حكوومەتیش خۆی پاڵپشتیی تەواوی دەكات و چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵییەك ناكرێت".

دەشڵێ، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەولێریش دەستكراوەیە كە رێگری لە گەندەڵی بكات و چاكسازی ئەنجام بدات و هەموو پاڵپشتییەكیشی دەكرێت، بۆیە كابینەی ئێستا، كابینەی چاكسازی دەبێت.

 

بڵند ئیبراهیم