Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاكسیۆنی پارتی بەدواداچوون بۆ كێشەی خانەنشینیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و ھێزەكانی ناوخۆ دەكات

هەولێر-KDP.info- بەپێی یاسا، لە كاتی خانەنشینبوونیان مووچەیەكی زۆر كەم بۆ ھێزەكانی ناوخۆ و زێرەڤانی دەبڕدرێتەوە، فڕاكسیۆنی پارتیش لە رێگەی ھەمواركردنەوەی یاساوە، بەدواداچوون بۆ كێشەی كەمیی مووچەكانیان دەكات.

ژیان تاھیر، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ژمارەیەك پێشمەرگەی لیوای نەوت و گاز سكاڵای خۆیان گەیاندووەتە پەرلەمان لەبارەی خانەشینكردنیان بە یاسای ھێزەكانی ناوخۆ، چونكە ئەوانەی سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانین، سەر بە وەزارەتی ناوخۆن و لە كاتی خانەنشینكردنیاندا مووچەیەكی كەمیان بۆ ھەژمار دەكرێت".

پەرلەمانتارەكەی پارتی دەشڵێت: "جگە لە ھێزەكانی زێرەڤانی و پۆلیسی نەوت و گاز، ھەموو ھێزەكانی ناوخۆ دوای خانەنشینییان مووچەیەكی كەمیان بۆ دەبڕێتەوە، ئەوەش شایستەی خزمەتی ئەوان نییە و پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت".

ژیان تاھیر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "فڕاكسیۆنی پارتی بەڵێنی بە پێشمەرگەی زێرەڤانی و ھێزەكانی ناوخۆ داوە بەدواداچوونی جیددی بۆ كێشەی خانەنشینبوونیان دەكرێت و داواكارییەكەیان بەرز دەكرێتەوە بۆ حكوومەت، ھەروەھا پڕۆژەیەكی دیكە بۆ خانەنشینبوونی ھێزەكانی ناوخۆ ئامادە دەكرێت و مووچە و ئیمیتیازاتی دوای خانەنشینبوونیان لە بەرچاو دەگیرێت".

 

قائید میرۆ