Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێداچوونەوە بە مۆڵەتی شوفێریدا دەكرێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بڕیارە پێداچوونەوە بە مۆڵەتی شوفێریدا بكرێت و دەشڵێت، سەرەتا لە نووسینگەكانی راھێنانی شوفێری دەست پێدەكرێت.

 

عەقید ئەسعەد كەریم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆ سەرقاڵی رێكخستنەوەی مۆڵەتی شوفێرییە لە ھەرێمی كوردستان و بڕیارە مۆڵەتی شوفێری لە سەرتاسەری ھەرێم رێك بخرێتەوە و بە سیستەمێكی پێشكەوتووی یەكگرتوو كاری پێبكرێت، لە ئێستاشدا خەریكی دانانی میكانیزمی نوێین بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری و دوای پێداچوونەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

 

گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێم گوتیشی: "سەرەتای پلانەكەمان لە نووسینگەكانی فێركردنی شوفێری دەست پێدەكات و ئەو نووسینگانەی راھێنان بە ھاووڵاتیان دەكەن بۆ چۆنیەتی فێركردنی شوفێر پێداچوونەوەیان بۆ دەكرێت و رێك دەخرێنەوە".

 

عەقید ئەسعەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "قۆناغی دووەمی پلانەكە دەچینە نێو وردەكاریی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری بە شێوەی ئەلیكترۆنی، چونكە لە ئێستادا جیاوازی لە سیستەمی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێریدا ھەیە و ھێشتا لە بەشێك لە قەزاكان بە سیستەمی كۆن كار دەكرێت و نەكراوەتە ئەلیكترۆنی، ئەوانە ھەموو رێك دەخرێتەوە و مەرجی نوێی تێدا جێگیر دەكرێت".

 

قائید میرۆ