Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. محەمەد شوكری: یاسای وەبەرهێنان هەموار دەكرێتەوە

هەولێر-info.KDP- سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەو رێكارانە دەكات كە گرتوویانەتە بەر بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە كوردستان بەهێز بكرێت و دەشڵێ، یەكێك لە رێكارەكان، پرسی هەمواری یاسای وەبەرهێنان دەبێت.

د. محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەرقاڵی ئامادەكاری و گفتوگۆین بۆ ئەوەی یاسای وەبەرهێنەران لە كوردستان هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەمەش پرس و رای زۆر كراوە و ئالیەتی شێوەی گۆڕانكاری لە یاساكە دیاری كراوە و بڕیارە دوای تەواوكردنی، بنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران و لەوێشەوە بۆ پەرلەمانی وكردستان، بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر هەمواری یاساكە بدرێت".

ناوبراو ئەوەشی خستە روو، هەمواركردنەوەكە لە بەرژەوەندیی كەرتی وەبەرهێنانی كوردستان دەبێت لە پێناوی بەهێزكردن و برەودان بە وەبەرهێنان لە كوردستاندا، بە تایبەت شێوەی مۆڵەت و هاوردە و مامەڵەكردن لەگەڵ وەبەرهێنەران و پرسی بەهێزكردنی دامەزراوەكانی وەبەرهێنان، بۆ ئەوەی لە كابینەی نوێی حكوومەتدا گەشەی زیاتر بە كەرتی وەبەرهێنان بدرێت.

 

كارزان هەورامی