Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تا ئێستا 3 هەزار و 56 پەنابەری رۆژئاوا هاتوونەتە هەرێمی كوردستان

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری داتا و زانیاریەكان لە فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان دەڵێ، بەپێی دوایین ئامار، لە 9ی ئەم مانگەوە تاوەكو ئێستا، 3 هەزار و 56 پەنابەری رۆژئاوای كوردستان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و تەنیا شەوی ڕابردووش زیاتر لە 700 پەنابەر هاتوون، كە پێداویستیی سەرەكییان بۆ دابین كراوە و پێشوازییان لێ كراوە.

عەلی عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە 9ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو ئێستا 3 هەزار و 56 پەنابەری رۆژئاوای كوردستان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە لە قەزای بەردەڕەش كەمپمان هەیە و لەوێ نیشتەجێ كراون، چونكە كەمپەكە ئامادەیە و تەنیا هەندێك پێویستی هەبوو، كە ئەوانیشی بۆ دابین كراوە و هاوكارییشمان بۆ دابین كردوون".

بەڕێوەبەری داتا و زانیارییەكان گوتیشی، تەنیا شەوی ڕابردوو 725 پەنابەر هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەر شەڕیش بەردەوام بێت، پەنابەری زیاتر ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

عیسا روونیشی كردەوە: "پەیوەندیی بەردەواممان لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە بۆ ئەوەی هاوكاریی پەنابەرەكان بكرێت، چونكە ژمارەی ئاوارەكان زۆرە و پێویتسە حكوومەتی عێراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاوكاریمان بكەن، بەڵێنیشیان داوە هاوكار بن و پێویستە چاوەڕێ بكەین بزانین تا چەند هاوكار دەبن".

 

بڵند ئیبراهیم