Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فارس عیسا: بڕیارە دوای بۆنەكانی موحەڕەم، شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی ڕەتكردنەوەی داواكاریی هەرێم لەلایەن بەغداوە سەبارەت بە بودجە بڵاو كراونەتەوە، راست نین و گفتوگۆكانی هەردوولا بەردەوامن و لێكنزیكبوونەوەی باش هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن، بڕیاریشە دوای بۆنەكانی موحەڕەم، شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات.

فارس عیسا، بۆ  ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، گفتوگۆی بەردەوام لەسەر ئاستی وەزارەتەكان و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەیە بۆ ئەوەی لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بگەنە رێككەوتن، لە ئێستاشدا لێكنزیكبوونەوەی باش هەیە لە نێوان هەردوولا و بەردەوامیش دەبن تاوەكو دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی بڵاو كراونەتەوە كە گوایە حكوومەتی عێراق داواكاریی هەرێمی لەبارەی بەشەبودجەوە ڕەت كردووەتەوە، راست نین و هیچ هەواڵێكی لەو جۆرە نییە، چونكە هێشتا رێككەوتن نەكراوە.

عیسا باسی لەوەش كرد، بڕیارە دوای بۆنەكانی موحەڕەم، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەسەر پرسی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكەن و ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە.

 

بڵند ئیبراهیم