Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاخەوان عەبدوڵڵا: رێككەوتن كراوە و دەست بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەكرێت

كەركووك-KDP.info- ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە چوارچێوەی گفتوگۆكاندا لەسەر كۆمەڵێك پرس گەیشتووینەتە رێككەوتن و دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك. دەشڵێ، لە یەكەم هەنگاودا، داوا كراوە بارەگاكانی پارتی چۆڵ بكرێن و رادەستی ئەو حزبە بكرێنەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شارەكە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەیەكە گفتوگۆ لە نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و لە ئێستادا لەسەر كۆمەڵێك خاڵ رێككەوتووین و ئێستا كاتی جێبەجێكردنیان هاتووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش فەرمانی بە ئیدارەی كەركووك كردووە كە بارەگاكانی پارتی چۆڵ بكرێن و رادەستی بكەنەوە، كە ئەمەش وەكو یەكەم هەنگاو دەبێت بۆ ئەوەی دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، چونكە پیشتریش حكوومەتی عێراق رازی بووە بارەگاكانی ئێمە رادەست بكاتەوە و ئێمە ڕەتمان كردۆتەوە و گرێمان داوە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، بۆیە ئومێدەوارین دەست بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكیش بكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسییكردنەوەی دۆخی كەركووك گوتیشی: "گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك، سەنگ و قورسایی كورد بۆ شارەكە دەگەڕێنێتەوە، بۆیە ئومێدەوارین رێككەوتنەكان جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی ئێمەش بگەڕێینەوە".

عەبدوڵڵا باسی لەوەش كرد، ئەو گردبوونەوەیەی كراوە بۆ ئەوەی پارتی نەگەڕێتەوە، بۆ ئەوە بوو، كە ترسیان هەیە پارتی بگەڕێتەوە و مەلەفی گەندەڵی و تاوانی ئەوان هەڵداتەوە، كە كۆمەڵێك كۆنەبەعسی و داعشن، بۆیە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك نابێت.

دەشڵێ: "ئێمە بە مەرج دەگەڕێینەوە بۆ كەركووك، پێویستە بارەگاكانی ئێمە چۆڵ بكرێن و دەست بە هەنگاوەكانی دیكەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بكرێت، بۆ ئەوەی ئێمەش بگەڕێینەوە بۆ شارەكە".

 

بڵند ئیبراهیم