Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد

هەولێر-KDP.info- پێشنیوەڕۆی هەینی ١٨ـی١٠ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كرد.

لەسەرەتای دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سڵاو و ڕێزی سەرۆک ماکڕۆنی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و گوتی: ئەوە جاری حەوتەمە سەردانی کوردستان دەکەم و سۆزێکی زۆرم بۆ ئێرە هەیە و هاتووم سڵاو و ڕێزی سەرۆک ماکڕۆن بە جەنابت ڕابگەیەنم و پشتیوانیی فەڕەنسا بۆ گەلی کوردستان دووپات بکەمەوە.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، بەتایبەت مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و دۆخی باکووری سووریا، تاوتوێ كرا.

سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵی فەڕەنسا لە پشتگیریی بەردەوامی دۆزی گەلەکەمان، جارێکی دیکە نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخەکە و چارەنووسی کورد لە سووریا بۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕوون کردەوە و ڕاشیگەیاند: هەر چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە پێشنیار بکرێت و لە هەر ڕێککەوتنێکدا پێویستە قوربانییەکانی کورد و چارەنووسی کورد لە سووریا لەبەرچاو بگیرێت. جارێکی دیکەش داوای کرد فەڕەنسا وەک دۆستێکی هەمیشەیی گەلی کوردستان و بەشێکی گرینگ لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا و روودانی کارەسات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

هەر لە دیدارەکەدا بە وردی باسی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستیی هاوشێوەی داعش کرا و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا نیگەرانیی وڵاتەکەی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە دۆخی شێواوی ناوچەکەدا دەربڕی وجەختی لەسەر بەردەوامیی هاوپەیمانێتی و هاوکاریی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان دژی تیرۆر، کردەوە.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە بەداخەوە ئەو ڕەوشەی زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی داعش و گرووپە هاوشێوەکانی ڕەخساند هێشتا ماوە و ئاڵۆزی دۆخەکە خزمەت بە سەرهەڵدانەوەی ئەوان دەکات. سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە شەڕی تیرۆر نابێ تەنها سەربازی بێت و پێویستە لەڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فیکرییەوە ڕیشەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە وشک بکرێت.

-

-

-

-