Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی دەزگای کۆنراد ئەدێناوەر شتیفتۆنگ کرد

هەولێر-KDP.info- شاندێکی دەزگای کۆنراد ئەدێناوەر شتیفتۆنگ/ ئەڵمانیای فیدراڵ سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتی فەرمانڕەوا، کە پێک هاتبوون لە بەڕێزان: گریگۆر یاکی، سەرۆکی ئۆفیسی سووریا و عێراق لە بەشی ئەورووپا و هاوکاری نێودەوڵەتیی دەزگاکە و، خاتوو ڤێنێسا هۆنگلینگ، توێژەر لە ئۆفیسی سووریا / عێراقی دەزگای کۆنراد ئەدێناوەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی کرد و، لە لایەن بەرێزان، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی دیسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوە پیشوازی کران.

 

لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئۆفیسی سووریا / عێراق لە بەشی ئەورووپا و هاوکاری نێودەوڵەتیی دەزگای کۆنراد ئەدێناوەر شتیفتۆنگ- ئەلمانیای فیدراڵ خۆشحاڵیی خۆی بە بەردەوامیدان بە دیدار و کۆبوونەوە و هاوکاری و هەماهەنگیی دەزگاکەیان لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی و هیوای خواست بە هاوکاری و پشتیوانیی هەردوو لا دەزگاکەیان پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات و لە لایەکی تریشەوە، پەیوەندیی نێوان هەردوو لا ببێتە مایەی گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کریستیان دیموکراتی فەرمانڕەوای ئەڵمانیای فیدراڵ. سەرۆکی شاندەکە هەروا پرۆژەکانی دەزگاکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا خستە ڕوو و ڕایگەیاند، دەزگاکەیان و پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەن ئەو پڕۆژانەی لە بواری تواناسازی و کۆنفرانس و هاوکاری و گەشەپێدان بۆ خزمەتی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان کە لە پلانی ئۆفیسەکەیاندایە لە هەرێم جێبەجێی بکەن، کە ماوەیەکە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی بەشێک لە کار و چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان. بەرپرسی ئۆفیسی سووریا / عێراق ڕوانگەی دەزگاکەیان و پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیای فیدراڵی بۆ بەرەوپێشچوونی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان و عێراق و سووریا و بەتایبەتی لە سەر دواپەرەسەندنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و پەلاماری سەربازی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو و هەڵوێستی حکوومەتی ئەڵمانیای فیدراڵ و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، خاتوو مێرکڵ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی لە ڕۆژئاوای کوردستان شی کردەوە و جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر کردەوە و ڕایگەیاند، مانگی ڕابردوو وڵاتەکەی وادەی مانەوەی هێزەکانیانی لە کوردستان بۆ ساڵێکی تر درێژ کردەوە و ئەڵمانیای فیدراڵ لە چوارچیوەی هاوپەیمانیی نێودەولەتی لە شەڕی تێرۆر بە چاوی هاوبەشێکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی و هاوکارییەکانی لە هەموو بوارەکاندا. هەروا سەرۆکی ئۆفیسی سووریا و عێراق لە دەزگای ناوبراو، هیوای خواست شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، کە بەفەرمی بانگهێشتی کۆنگرەی ساڵانەی پارتی کریستیان دیموکراتی فەرمانڕەوای ئەڵمانیای فیدراڵ کراوە، کە لە ٢١-٢٣ی مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ لە شاری لایپزیک ساز دەکرێت، دیدار و کۆبوونەوەی سودبەخش لە نێوانیاندا بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان (پ.د.ک) و پارتی (سی.دی.یۆ) ببێتە مایەی گەشەپێدانی زیاتر لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لادا. سەرۆکی شاندە ئامادەییی دەزگاکەیانی پێشان دا، کە بەهۆی نزیکیی ڕوانگەیان لە پارتی کریستیان دیموکراتی دەسەڵاتدارەوە، پردێکی پەیوەندیی بەهێزتر لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دروست بکەن و لە پرۆگرامی دەزگاکەیاندایە کە لە ئایندەدا شاندی پەرلەمانی و حزبی و دامەزراوەی شیکاری لە ئەڵمانیاوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

 

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی کۆنراد ئەدێناوەر شتیفتۆنگ و، گرنگیی بەردەوامیدان بە دیدار و کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوانیاندا، ستایشی هاوکاری و پشتیوانیی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی و ئابووری و مرۆییی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی کرد لە حکوومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی و ستایشی هەڵوێست و ڕۆڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیای فیدراڵ، خاتوو ئەنجێلا مێرکڵ و حکوومەتی ئەڵمانیای کرد لەسەر دواپێشهاتەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی لە ڕۆژئاوای کوردستان، شانبەشانی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی بۆ ڕیگریکردن لە شەڕ و ئاوارەبوونی خەڵکی سڤیل و ڕێگریکردن لە شەڕ و قەیرانی سیاسی لە ناوچەکەدا. هەرێمی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە لە پشتیوانییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ لە شەڕی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش دەڕوانێ و هیواخوازە وەک هاوبەشێکی گرنگ لە پشتیوانییەکانی سیاسی و سەربازی بۆ هەریم بەردەوام بێت، کە هێشتا مەترسییەکانی تێرۆریستی و هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەر خەڵکی سڤیل و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە هەرماوە.

 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لە بەرەوپیشبردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نیوان (پ.د.ک) و پارتی (سی.دی.یۆ) و دەزگای کۆنراد ئەدێناوەر شتیفتۆنگ کردەوە و ئامادەییی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی خستە ڕوو بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی دەزگاکە لە هەرێمی کوردستان، هەروا سوپاسی بانگهێشتنامەی فەرمیی پارتی (سی.دی.یۆ)ی فەرمانڕەوای ئەڵمانیای کرد بۆ کۆنگرەی ساڵانەی پارتەکەیان.

 

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەشدا، هوشێار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر شەڕ و توندوتیژییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو و ڕایگەیاند، (پ.د.ک) و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان و خێراکۆتاییهێاتنی شەڕ و پەلامارە سەربازییەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە ڕۆژئاوای کوردستان و هیواخوازن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خێرا کۆتایی بە شەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەیی لە ناوچەکەدا بێنن و بانگهێشتی لایەنە ناکۆکەکان بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

 

هۆشیار سیوەیلی سوپاس و ستایشی گرنگیدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی کرد بە هەرێمی کوردستان و بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری و پشتیوانی و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و توندڕۆیی و ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی مەترسییە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا.

 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) ڕایگەیاند، سەرکردایەتیی سیاسیی (پ.د.ک) و هەرێمی کوردستان بە گەشبینییەوە دەڕواننە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێشبینی دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنی لێکتێکگەیشتنی لە نێوان هەولێر و بەغدا لێ بکەوێتەوە و بە شێوازێکی ئاشتیانە و لە ڕیگەی دیالۆگەوە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، کە تاقەڕێگەی گەیشتنی هەردوو لایە بۆ هینانەدیی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

 

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەشدا، قەیرانی سیاسی و شەڕ لە سووریا و خۆپێشاندانەکانی ئەم دوایەی شارەکانی عێراق و ناکۆکی و ملمڵانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێم و دواپێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بۆ شاندی میوان شی کرانەوە.