Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چۆن وەڵامی مێژوو دەدەنەوە!

ئاریان فەرەج

ئەو میللەتە بەلەنگازەی لە رۆژئاوای كوردستان دووچاری كارەسات بوونەتەوە و دەكوژرێن و دەسوتێن و ئاوارە دەبن دەبن، هاوخوێن و هاوزمانی ئێمەن، نە رەعیەتی پەكەكە و پەیەدەن و نە كۆیلەی ئەم و ئەو ووڵات، تا بەو بێ منەتییە ساڵەها بكرێنە سوتەمەنی شەڕێكی بێهودەی بێ ئامانج و دواجاریش ئەوها بێكەس كوژ و ماڵوێران بكرێن.

مافی هەر رۆڵەیەكی میللەتی كوردە كە بۆ حاڵی پەرێشانی كوردانی بێ كەسی رۆژئاوا خوێن لە دڵی دەچۆڕێ، بپرسێ و وەڵامی دەستكەوێ كە بۆچی و لە پێناوی بەدەستهێنانی كام دەسكەوت، ئەو كارەساتە بەسەر خوشك و براكانمان هات.

ئیتر كاتی ئەوەیە راستییەكان رونبكرێنەوە، وەڵامی پرسیارە سەختەكان بدرێنەوە:

- بەكوشتدانی یازدە هەزار و بریندار و كەمئەندام بوونی بیست و چوار هەزار رۆڵەی خێرله خۆنەدیوی میللەتەكەمان لە پای چی و لە پێناوی چی و بە قوربانی چی كران؟

- بۆچی گەلی بەشمەینەتی رۆژئاواتان كردە سوتەمەنی ئەجیندایەكی نامۆ كە دوور و نزیك پەیوەندی بە كوردی سوریاوە نەبوو و هێندەی چڵە پوشێك بەرژەوەندی و خێری ئەوانی تێدا نەبوو، بۆ ئەو خەڵكە بێ گوناهەتان دەسخەڕۆ كرد و وەك مقاشی یاریكردن بە ئاگر بەكارتان هێنان؟

- بۆچی بە بێ بەڵێن و بێ رێكەوتن و بێ بەرنامە، لە بەلاش ئەو هەموو خوێنەی كوردتان بە فیڕۆ دا و كارێكتان كرد ئەمریكا پارە و چەك لە خوێنی ئینسانی كورد بە نرختر بزانێ؟

- بۆچی سواری سەری خۆتان بوون و گوێتان بە ئامۆژگاری و تكا و رەجای برایانە و خەمخۆرانەی كەس نەدا، بۆ لە ئاست برایانی خۆتان لووتبەرز و لە ئاست فرمانی بێگانەدا گوێلەمست و جێبەجێكارێكی بێ داوا بوون؟

- لە پێناوی چی و بۆ بەدیهێنانی كەم ئامانج و بەرژەوەندی، تێكۆشەران و كوردپەروەرانتان ئازار دا و لەسەر كوردایەتی و ئاڵای كوردستان لە زیندانتان نان و لە خاكی خۆیان وەدەرتان نان؟ لە دژایەتی كردنی كوردایەتی، چ خێرێكتان دەسكەوت و لە كام ئاگر پارێزران و كێ مەمنونتان بوو؟

- بۆ نەتانهێشت هەموو هێزەكانی رۆژئاوا پێكەوە و بە عەقڵ و حیكمەت نەخشە رێگەیەك داڕێژن كە هەم رۆڵەكانمان لە شەڕ و ماڵوێرانی بپارێزرێن و هەم ماف و ئایندەیان مسۆگەر بێت. ئەم قومارە دۆڕاوە چی بوو بە خوێنی كوردتان كرد؟ ئەم تاكڕەوی و خۆسەپاندنەتان چی لێ شین بوو؟.

ئەمانە و دەیان پرسیاری دیكە كە لە دەرونی توڕە و برینداری هەر كوردێكی بەشەرەفدا شەپۆل دەدات، دەبێ وەڵام بدرێنەوە. دەبێ ئەو ئەجیندا سەرلێشێواو و گومڕایەی كارەساتی بەسەر رۆژئاوا هێنا و بەم چارەنووسە رەشەی گەیاند، وەڵامی مێژوو بداتەوە.