Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە بۆ ڕای گشتیی كوردستان

هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی، لە پەیامێكدا بۆ رای گشتیی كوردستان رایگەیاند، بەردەوامبوونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارەی لە ناوچە كوردنشینەكانی باكووری سووریا هاتووەتە ئاراوە، هەڕەشەیەكی زۆر جیدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و، ئاسایش و سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج. روونیشی كردەوە، كاتی ئەوەیە كە هەموو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێتاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن.

ئەمە دەقی پەیامەكەیە:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سەرباری ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆرمان دا كە شەڕ و ناسەقامگیری لە گەلی كورد لە سووریا دوور بكەوێتەوە و چیتر نەهامەتی و كارەسات ڕوو نەدەن، بەڵام بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە كوردنشینەكانی باكووری سووریا تووشی پەلاماردان و دۆخێكی مەترسیدار بوونەتەوە.

بەردەوامبوونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی زۆر جیدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و لایەنەكان ڕابگەیێنم كە، هۆكارەكانی ئەو شەڕە هەرچییەك بووبن و هەر لایەنێك كەمتەرخەم بووبێت یان دەستی لەم دۆخە ترسناكەدا هەبووبێت، ئێستا كات، كاتی موزایەداتی بێهوودە و بۆچوونی عاتیفی و هەڵچوون نییە. كاتی ئەوەیە كە هەموو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێتاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و ڕێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت.

 

مەسعوود بارزانی

12ـی 10ـی 2019