Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کوردانی ڕۆژئاوا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنن"

 

 

هەولێر-KDP.info-  دوای هەڕەشەکانی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کوردانی ڕۆژئاوا چاویان بڕیوەتە ھەوڵ و کۆششەکانی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان. لەوبارەیەوە ساڵح موسلیم دەڵێ، ھەڵوێستەکانی کاک مەسعوود بارزانی جێی سوپاسە.

 

ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانی تەڤدەم دەربارەی ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەبارەی گرژییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەڵێت: "ئەو هەڵوێستە بە شتێکی باش دەزانین و جێگەی سوپاسە، لەبەر ئەوەی پێویستە کورد ھەمووی بەو شێوەیە بێت و هەڵوێستی ھەبێت."

 

ساڵح موسلیم دەشڵێت: "ئومێدی زیاترمان لەسەر کاک مەسعوود بارزانی ھەڵچنیوە و دەتوانێت یەکێتیی کوردان دروست  بکات، بەتایبەتی دەتوانێت پەیوەندیی باشتر لەگەڵ ھاوپەیمانان پێک بێنێت.''

 

شیلان عەبدولحەمید، چالاکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "مەترسییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە نێو کوردانی نیشتەجێی ڕۆژئاوای کوردستان و مەترسیی کارەساتی مرۆڤی دەکرێت لە ھەندێ ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ھەر شەڕێک ڕوو بدات ھاووڵاتیانی سڤیل قوربانیی یەکەمن."

 

دەربارەی ڕۆڵ و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی، ئەو چالاکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "کوردانی ڕۆژئاوا لەمێژە چاویان لە هەڵوێستە بەھێزەکانی سەرۆک بارزانییە، چونکە بینیمان لە ڕابردوودا سەرۆک بارزانی ڕۆڵی بەرچاوی ھەبوو، ھەم بۆ حەواندنەوەی سەدانھەزار ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان، ھەمیش بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئێستاش ئێمە لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکان چاومان بڕیوەتە سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی ھاوکار بێت بۆ دەربازکردنی ڕۆژئاوا لەو مەترسییانەی پەیدا بوونە."

 

شیلان عەبدولحەمید کە دوای ئاڵۆزییەکانی سووریا، وەک ئاوارە لە شاری ھەولێر نیشتەجێ بووە، ئاشکرای کرد: "دوای پەیدابوونی مەترسی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام خەڵکی ئێمە لەو ناوچانە پەیوەندیمان پێوە دەکەن و باس لە شەپۆلی ئاوارەبوونی خەڵک دەکرێت لە ئەگەری پەیدابوونی شەڕ، لەبەر ئەوەی ھاووڵاتیانی سڤیل ناتوانن دوای ئەو ھەموو شەڕ و ئاڵۆزییانەی ساڵانی ڕابردوو، جارێکی دیکە بەرگەی شەڕی دیکە بگرن و، بەتایبەتی دەیانەوێ ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن."

 

قائید میرۆ