Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تاڵەبانی: ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، دانانی پارێزگاری كورد بۆ كەركووك پەك دەخات

كەركووك-KDP.info- ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، ئەگەر بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق جارێك زیانی ھەبێت، ئەوا بۆ كەركووك لە چەندین رووەوە زیانی ھەیە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش دەڵێ، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، پڕۆسەی دانانی پارێزگارێكی كورد پەك دەخات.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "داواكاریی خۆپیشاندەرانی عێراق بوو كە ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانیش ھەڵبوەشێنەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی پەرلەمان چارەسەری كۆی كێشەكانی عێراق بكات، كە پەرلەمان پشكی شێری ئەو گەندەڵیانەی بەردەكەوێت، دەستی بۆ یاسای ژمارە ١٩ی ئەنجومەنی پارێزگاكان برد و ھەمواری كردەوە".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "سڕكردن و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بڕیارێكی ناتەندروستە، بە تایبەتی بۆ پارێزگایەكی وەكو كەركووك، كە بەپێی یاسای ژمارە ٧١ی بریمەر كاردەكات، نابێت كەركووك بگرێتەوە".

تاڵەبانی دەڵێت: "ئەوەی سەددام حوسێن و رژێمەكەی بە ٣٥ ساڵ نەیانكرد، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بە دوو ساڵ ئەو ھەموو تەعریب و گۆڕانكارییە نادەستووری و نایاساییانەی ئەنجام داوە، ئینجا ئەنجومەنی پارێزگا نەمێنێ لە كەركووك، خوا دەزانێ چی دەكەن".

رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "بێگومان ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، كاریگەری لەسەر دانانی پارێزگاری نوێ بۆ كەركووك دەبێت، هەروەها دەبێتە بەشێك لەو رێگری و ئاستەنگانەی بۆ دانانی پارێزگاری كورد لە كەركووك ھەیە و پڕۆسەكە لەبار دەبات، چونكە دانانی پارێزگار بە ھەڵبژاردن دەبێت لەنێو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك".

 

قائید میرۆ