Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەحمەد سەفار: بودجەی 2020ی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا دێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیەنێت، خوپێشاندانەكانی عێراق وایان كرد حكوومەتی عێراق كۆمەڵێك بڕیار دەربكات، كە بێگومان ئەو بڕیارانەش زۆربەیان پەیوەست بە ئابووری بوون، بۆیە بودجەی 2020 گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئاستی كورتهێنان بەرز دەبێتەوە.

ئەحمەد سەفار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو بڕیارانەی حكوومەتی عێراق دەریكردوون لە بەرانبەر خۆپێشاندەران، ئاستی خەرجییەكانی عێراق بەرز دەكاتەوە، چونكە زۆربەیان پەیوەست بوون بە پارە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەوە، بۆیە بودجەی 2020 بودجەیەكی جیاواز دەبێت و ئاستی كورتهێنانی زیاتر دەبێت لەوەی پێشتر حكوومەتی عێراق پێشبینی كردبوو یاخود نووسیبوویەوە".

سەفار ئاماژەی بەوەش دا: "كورتهێنانی بودجە قابیلی چارەسەركردنە، بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و خەرجكردنی نەسریەی وەزارەتەكان بۆ نموونە كە ئێستا مانگی 10ـیە، تا ئێستا وەزارەتەكانی عێراق 40 لەسەدی نەسریە و پارەی پڕۆژەكانیان خەرج ‌كردووە، بۆیە دەكرێت ساڵی داهاتوو حكوومەتی عێراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە سوود لە پارەی نەسریەی وەزارەتەكان وەربگرێت".

 

هێدی كاكەیی