Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پلەبەرزكردنەوە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ، بڕیاری كۆتایی لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دراوە و دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت، بۆیە پێویستە سەرجەم وەزارەتەكان پەلە بكەن لە ناردنی زانیاری بۆ ئەوەی پلەی مامۆستا و فەرمانبەران بەرز بكرێتەوە.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردە، كە گشتاندنی بۆ كراوە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بەوەزارەت، داوا كراوە زانیاری لەسەر میلاكی مامۆستا و فەرمانبەرانی ساڵەكانی 2016 و2017  و 2018 و 2019 و 2020 رەوانە بكەن بەپێی پلەكانیان و دیاریكردنی مووچەیان بە هۆی پلەبەرزكردنەوەیان و دوایین وادەش بۆ ناردنی زانیارییەكان، حەوتی ئەم مانگەیە.

لەو بارەیەوە، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە سەردانی وەزارەتی داراییمان كرد و یەكێك لە داواكارییەكانمان دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە بوو، ئەوانیش باسیان لەوە كرد كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێ داوە و داوایان لە هەموو وەزارەتەكان كردووە زانیارییان بۆ رەوانە بكەن بۆ ئەوەی پلەبەرزكردنەوە دەست پێبكاتەوە".

گەرمیانی گوتیشی: "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە هەموو مامۆستا و فەرمانبەران دەگرێتەوە، چونكە چەندین ساڵە راگیراوە، بۆیە ئەمە كارێكی باشە و یەكێكە لە داواكاریەكانی ئێمە".

 

بڵند ئیبراهیم