Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عارف حیتو: ساڵانە ٧٠ پڕۆژە بەھۆی سەرپێچکردن لە یاسای کار دەدرێنە دادگا

 

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی وەزارەتی کار باس لە ھاتنی کرێکارانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھاتنی کرێکاری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە. دەشڵێ، بەھۆی سەرپێچکردن لە یاسا ساڵانە ٧٠ پڕۆژە دەدرێنە دادگا و زیاتر لە سەد کۆمپانیای ھێنانی کرێکاری بیانییش خراونەتە لیستی ڕەشەوە و ڕاگیراون.

 

دکتۆر عارف حیتو، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە مالپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسا ھەر کرێکارێکی بیانی بەپێی گرێبەستی کار دەتوانێت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کار بکات. لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٧ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێنماییی ژمارە دووی دەرکردووە بۆ ھێنانی کرێکاری بیانی. بەگوێرەی ڕێنمایییەکان دوو جۆر کرێکار دێنە ھەرێمی کوردستان، ئەوانیش کرێکاری ناوماڵ و کرێکاری پڕۆژە، بەڵام ئەوەش بەپێی پێویستیی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کاتە مۆڵەت بە ھێنانی کرێکار دەدرێت ئەگەر کرێکاری ناوخۆ نەبێت، یانیش ئەو شارەزایییە دەست نەکەوێت."

 

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: "دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، ھاتنی کرێکارانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی لە پڕۆژەکاندا کاریان دەکرد، کەمی کردووە، تەنیا کرێکاری ناوماڵ زیاتر دێنە ھەرێمی کوردستان و، بەھۆی وەستانی پڕۆژەکانەوە ڕێژەی کرێکاری بیانی کەمی کردووە."

 

دکتۆر عارف حیتو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٧٠ پڕۆژە دەدرێنە دادگا بەھۆی سەرپێچیکردنیان لە یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە تا ئێستا  مۆڵەت بە ١٦٧ کۆمپانیا دراوە بۆ ھێنانی کرێکاری بیانی، بەڵام ئێستا ژمارەی کۆمپانیاکانی ھێنانی کرێکاری بیانی کەم بوونەتەوە و نزیکەی ٤٠ ھەتا ٥٠ کۆمپانیا ماون، ئەوانی دیکە، یان کارەکانیان ڕاگیراوە، یانیش بەھۆی سەرپێچکردن لە یاسا خراونەتە نێو لیستی ڕەشەوە."

 

قائید میرۆ