Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی مافی مرۆڤ: لەگەڵ گەڕانەوەی یاسای لەسێدارەداندا نین

 

هەولێر -KDP.info- ساڵانێكە سزای لەسێدارەدان لە ھەرێمی كوردستان تەنیا بەسەر ئەو تاوانبارانەدا جێبەجێ دەكرێت كە بەھۆی ماددەی تیرۆرەوە سزا دەدرێن و تاوانی دیكە ناگرێتەوە، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤیش لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، لەسێدارەدان پرسێكی قێزەونە و، دەشڵێ، ئەوان وەك لیژنەی مافی مرۆڤ لەگەڵ گەڕانەوەی یاسای لەسێدارەداندا نین.

 

ڕومیۆ ھەكاری، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی بڕیاری لەسێدارەداندا نین لە ھەرێمی كوردستان، بێگومان خەڵك مافی خۆیەتی داوای ھەر جۆرە سزایەك بۆ تاوانباران بكات، بەڵام لەسێدارەدان لەسەر ئاستی دنیا بابەتێكی قێزەونە و تەنیا لە ھەندێ وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەكرێت".

 

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ دەشڵێت: "لە ھەرێمی كوردستان مشتومڕی زۆر لەسەر گەڕانەوەی یاسای لەسێدارەدان ھەیە، بە تایبەتی لەسەر ھەندێ تاوانی دڕندانە، كەچی ھەتا ئێستا حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان بڕیاریان نەداوە بۆ گەڕانەوەی یاسای لەسێدارەدان، پێمان وایە پێویستە ڕێكاری دیكە بگیرێتە بەر بۆ ئەوانەی تاوانی گەورە دەکەن".

 

ھەكاری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ژمارەیەكی بەرچاو سزادراو لە ھەرێمی كوردستان ھەن چەندین ساڵە لە لایەن دادگاكانی ھەرێمی كوردستانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە. سزادراو ھەیە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ دەبێت سزاكەی بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام نامانەوێت لەسێدارەدان لە ھەرێمی كوردستان بمێنێت".

 

قائید میرۆ