Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێگری سەفەركردن له‌و كەسانه‌ دەستی پێكرد كە باجیان بە حكوومەت نەداوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرە لە وەزرارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، لە رێگای وەزارەتی ناوخۆوە پرۆسەی رێگریكردن لە سەفەركردنی ئەو كەسایەتی و خاوەن كۆمپانیایانە دەستی پێكردووە، كە باجیان بە حكوومەت نەداوە یاخود خۆیان لە باجدان دزیوەتەوە.

د. كەمال تەیب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە رێگای وەزارەتی ناوخۆوە نووسراومان بۆ سەرجەم فڕۆكەخانەكان و دەروازەكان كردووە، كە نەهێڵن ئەو كەسانەی كە باجیان بە حكوومەت نەداوە، گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بكەن".

بە گوتەی ناوبراو، ئەم پڕۆسە بووەتە هۆی ئەوەی كە ئەو كەسانەی باج دەیانگرێتەوە، بێن باجەكانیان بە حكوومەت بدەن، كە بە یاسا بۆیان دیاری كراوە، بەڵام ئەوان لە ماوەكانی ڕابردوودا پێوەی پابەند نەبوونە.

بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا: "هەموو رێكارەكان دەگرینە بەر بۆ ئەوەی هیچ كەسێك كە باجدان دەیگرێتەوە، خۆی لەم پرۆسەیە نەدزێتەوە و پابەندی یاسا بێت، لە داهاتووشدا سەرجەم ئەو ناوانە ڕادەستی فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنوورییەكان دەكەین، كە باجیان بە حكوومەت نەداوە، بۆ ئەوەی رێگری لە چوونەدەرەوەیان بكرێت".

 

هێدی كاكەیی