Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى ئەمەریکا دۆخى عێراق تاوتوێ دەکەن

هەولێر-KDP.info-  بەڕێزان نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ماتیوو تیوولەر باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق، دۆخى سیاسی و ئەمنیى عێراقییان تاوتوێ کرد و خۆشحاڵیى خۆیان بەو کەشە ئەرێنییەى لە عێراق بەگشتى و لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدرالدا هەیە نیشان دا، هەروەها جەختیان لە گرنگیى بەردەوامیى گفتوگۆى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوور کردەوە، بەتایبەتیش پرسەکانى پەیوەست بە ماددەى (140) و بودجە و دۆسیەى نەوت و پارێزگاى کەرکووک.

لەمبارەیەوە سەرۆک نێچێرڤان بارزانى، دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان لە هەوڵەکانى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەگەڵ حکوومەتى فیدرال بەردەوام دەبێت و ڕوونى کردەوە کە میکانیزمێکى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان پێویستە بە جۆرێک لێکگەیشتنە سیاسییەکان بکرێنە هەنگاوى کردەیى.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/9/2019 لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر کە بەڕێز کونسولى گشتیى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، هەردوولا باسیان لە مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و توندوتیژى لە ناوچەکە کرد بە شێوەیەک کە هێشتا لەمبارەیەوە پشتگیریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان پێویستە.

تاوتوێکردنى دۆخى سیاسی و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان، ئاوارە و پەنابەران و چۆنیەتیى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان، دۆخى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان، سەردانى بەڕێز باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق بۆ چەند شوێنەوارێکى قەڵاى هەولێر و هاوکاریى کولتووریى ئەمەریکى بۆ هەرێمى کوردستان، لایەنێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.