Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆدی هاوبەش

زكری موسا

كەسێك بەناوی مەلا فەرمان كە پێشتر خۆی كاندید كردبوو بەڵام خەڵك دەنگی پێ نەدابوو و پاشان لە حزبەكەی زوێر بوو، لە نووسینێكی دا هەموو دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بە هەڵەی دوژمن دەزانێت و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و خەڵك زەڕبی سفر دەكات. نووسینەكەی تەنیا هەڵڕشتنی كۆنەقینە و هیچ عیلاج و نەخشەڕێ و قسەیەكی لۆژیكی وەخۆ هەڵنەگرتووە.

ئەو كە لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا یەكێك لە زمانشڕەكانی ئەو كات بوو، لە نووسینە ڕقاویەكەیدا پەلاماری شۆڕشی ئەیلوول و سەرۆك بارزانی و كۆی ئەو دەستكەوتانەی داوە كە گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی و پێشمەرگە بە شەونخونی و كۆڵنەدان بەدەستیان هێناوە. ئەو قسەیەی مەلا فەرمان هەمان قسەكەی كابرای دۆمینەچییە كە قوربانیدانی پێشمەرگەی لە شەڕی داعش بە سێلڤیگرتن شوبهاندبوو، هەردووكیان یەك كۆدی هاوبەشیان هەیە.

مەلا فەرمانەكان لەبەرانبەر ڕۆحی بەرخودانی گەل و شۆڕشی ئەیلوولدا نامۆن و لێی تێناگەن، شۆڕشی ئەیلوول بناخەی بڕوابەخۆبوونی گەلی كوردستان و وەستانەوەی بوو بەرانبەر زوڵم و داگیركاری. شۆڕشی ئەیلوول وانەی بەهاكان و یەكگرتوویی گەلی كوردستان بوو بۆیە ئەم تەرزە خەڵكە پێی پەستن و لەبەرچاوی ناگرن. لە شۆڕشی ئەیلوولدا خەڵك و پێشمەرگە لە پشت بارزانیی نەمر بوون و گوێیان بە ئاوازی دووبەرەكی و كۆلوانەسوور و جاشایەتی نەدا و دواجار حكوومەتی عێراقییان بەچۆكدا هێنا.

گەلی كوردستان ئێستایشی لەگەڵدا بێت برینداری جاشایەتیی و خۆبەكەمزانین و ناپاكی ئەم جۆرە خەڵكەیە، كە بە درێژایی پەنجا ساڵە لە وێستگەی جۆراوجۆردا كوردستانیان ئازار داوە و لە شازدەی ئۆكتۆبەردا گەییشتە لووتكە. بەڵێ، لەدەست دانی خاكی كوردستان نەتیجەی ئەو مەدرەسە و فكرە شوومەیە كە مەلا فەرمانەكان بۆ خۆبەكەمزانین و خۆهەراجكردن بۆ داگیركاران هان دەدات.

ئەو برادەرە كە گۆشكراوی مەدرەسەی ڕق و ئانتیپارتییە، لەو كەسانەیە كە بڕیاری پێشوەختەی خۆی داوە و بڕوای بە هەڵبژاردن و دیموكراسی و مافی گەل نییە. ئەگینا پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە و بڕوای بە كوردستانێكی بەهێزە و بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت و گوێ بە بەردتێگرتن و بۆڵەبۆڵی خەڵكی شكستخواردوو نادات.

لە كاتی ئێستادا سەرۆك بارزانی نوێنەرایەتی ڕۆحی نەتەوەی خۆی دەكات. ئەو دەنگی زیاتر لە سەدا حەفتای میللەتەكەی لە پشت بوو و لە ڕیفراندۆمیشدا بە ڕێژەی 93% گەلی كوردستان لە پشت سەرۆك بارزانی وەستان. ئەوەی بڕیار دەدات كێ پێشەوا و سەرقافڵەیە، گەلی كوردستانە نەك كەسی تر. گەلی كوردستان سەرباری زوڵمی داگیركاران و ناپاكیی ناوخۆیی بە سەرێكی بەرز ڕووی لە داهاتوویە و هەڵسەنگاندنی خەڵكی حاقیدیش هیچ بەهایەكی نییە. هەڵسەنگاندنی گەل و خانەوادەی شەهیدان سەنگی مەحەكە.

ماوەتەوە بڵێین، ئەم جۆرە گوتارە كە درێژكراوەی عەقڵییەتی شەڕی ناوخۆیە باوی نەماوە و كەس كڕیاری نیە. دڵنیاشین ئەم مەدرەسەیە جگە لە ڕق هیچ چارەسەریشی بۆ دۆخەكە پێ نییە و هی ئەوە نین نە پرسیان پێ بكرێت نەیش گوێیان بۆ شل بكرێت. هەروەكچۆن لە شۆڕشی ئەیلوول و قۆناغەكانی تر و شەڕی داعش و ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم هیچ تەرح و پڕۆژەیان پێ نەبوو جگە لە تێكدان و ئاژاوە و ڕەشبینی.