Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. محەمەد شاكر: ھەرێم و بەغدا دان بە زانكۆكانی یەكتردا دەنێن

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی چارەكردنی كێشەی دانپێدانانی زانكۆكان لە نێوان ھەرێم و بەغدا، بڕیارە لیژنەیەكی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات، ئەندامێكی لیژنەی خوێندنی باڵاش لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، چارەكردنی كێشەكە لە بەرژەوەندیی ھەردوولایە. 

دكتۆر محەمەد شاكر، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای چەندین ھەوڵی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، توانیمان كێشەی دانپێدانانی زانكۆكان لە نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بكەین، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە دان بە ٩ زانكۆی ھەرێمی كوردستاندا بنێت، ھەر لەو چوارچێوەیەدا سێ لیژنە پێك ھاتوون و بڕیارە سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری كوالێتی خوێندن و ئاستی زانستیی ئەو زانكۆیانەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بن، ھەر كاتێك مەرجی یاسایی لەو زانكۆیانەدا ھەبێت، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دانیان پێدا دەنێت".

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "لە بەرامبەر دانپێدانیان، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە دان بە چوار زانكۆی ئەھلی لە كەركووك و مووسڵ بنێت، چونكە بە ھۆی كەمیی دەوام و نەبوونی مەرجی پێویستەوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دانی بەو چوار زانكۆیەدا نەدەنا، بەڵام كێشەشە چارەسەر كراوە".

دكتۆر محەمەد شاكر روونیشی كردەوە: "چارەسەركردنی كێشەی دانپێدانانی زانكۆكان سوودی بۆ ھەردوولا دەبێت، چونكە لەلایەك دان بە زانكۆكانی ھەرێمی كوردستاندا دەنرێت و لەلایەكی دیكەشەوە چارەسەركردنی كێشەی ئەو چوار زانكۆیەی لە كەركووك و مووسڵ ھەن، لە بەرژەوەندیی قوتابیانی ھەرێمی كوردستاندایە، لەبەر ئەوەی زۆرێك لە دەرچووان و قوتابییەكانی ئەو چوار زانكۆیە، خەڵكی ھەرێمی كوردستانن".

 

قائید میرۆ