Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دارایی بڕیاریدا جیاوازیی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران خەرج بكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێك لە مامۆستا و فەرمانبەران جیاوازیی مووچەیان بۆ خەرج نەكراوە، بۆیە لە ئێستادا بڕیار دراوە بە خەرجكردنی ئەو پارەیە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

ئەحمەد گەرمیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێك لە مامۆستا و فەرمانبەران دەرماڵە و عەلاوەیان بۆ خەرج نەكراوە، بۆیە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ئەو پارەیەیان بۆ خەرج بكرێت، چونكە دەكاتە جیاوازیی مووچە لەگەڵ ئەوانەی بۆیان خەرج كراوە.

گەرمیانی گوتیشی، بڕیاری خەرجكردنی پارەكە دەرچووە و پارەكەش ئامادەیە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە، وەزارەتی دارایی داوای لە هەموو وەزارەتەكان كردووە، كە ئەوانەی لە ماوەی ڕابردوودا جیاوازیی مووچەیان بۆ خەرج نەكراوە، لیستی ناوەكانیان بۆ رەوانە بكەن بۆ ئەوەی بۆیان خەرج بكرێت.

 

بڵند ئیبراهیم