Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە‮ ‬یادی‮ ‬رۆژێكی‮ ‬مەزندا

سەلام عەبدوڵڵا

لە 14 تەمموزی ساڵی 1958 لە ڕێگەی كودەتایەكی سەربازییەوە، رژێمی پاشایەتی كە 37 ساڵ بوو حوكمی عێراقی دەكرد، رووخێندرا و لەبری سیستەمی كۆماری دامەزرا، بەمەش گۆڕانكارییەكی بنچینەیی بەسەر دۆخی سیاسی لە عێراقدا هات و لە دەستووری نوێی عێراقدا كورد وەك هاوبەش لەگەڵ عەرەبدا ناودێركراو پارتە سیاسییەكانیش كە بەنهێنی كاریان دەكرد و ئازادكران، هەروەك عێراق لە كۆمەڵێك رێکكەوتننامە كە عێراقی بە دەوڵەتە ئیمپریالیستەكان بەستبۆەوە هێنرایە دەرو سەربەخۆیی خۆی راگەیاند.

بارزانیی نەمر، كە ماوەی 12 ساڵ لە یەكێتی سۆڤیەت، پەنابەربوو لەگەڵ هاوڕێیانیدا گەڕانەوە بۆ عێراق و لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ رژێمی نوێ دا هەڵدرایەوەو وا چاوەڕوان دەكرا داهاتوویەكی گەش ڕوو لە گەلەكەمان بكات و بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات، بەڵام بەداخەوە رژێمی نوێ، رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو حوكمی تاكەكەسی و (تاكە سەركردە) ملی دەنا و ئازادییەكانی بەرتەسكتر دەكردەوە تا ئەو ئاستەی كە فۆڕمی دیكتاتۆری وەرگرت و بەو پێیەش پەیوندییەكانی لەگەڵ گەلی كورددا بەرەو خراپی و پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەكانی دەچوو، بۆیە ئیدی گەلەكەمان، بە ناچاری جارێكی تر، پەنای بۆ چەك برد و لە یانزەی ئەیلوولی ساڵی 1961 شۆڕشی چەكداری راگەیاند كە لە مەودوا بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول پێناسەكرا.

پارتی دیموكراتی كوردستان، لەژێر سەركردایەتی بارزانیی نەمردا جڵەوی بەڕێوەبردنی شۆڕشی گرتە دەست و لە ماوەیەكی كورتدا زۆربەی خاكی كوردستانی ئازادكرد و دام و دەستگای بەڕێوەبردنی وڵات و لە ناوچە رزگاركراوەكان، قوتابخانە و خەستەخانە و دادگای دامەزراند، هەروەك لە ڕێی ئێستگەی گەلی كوردستانەوە دەنگی مەزلوومیەتی كورد وشۆڕشەكەی بە جیهان گەیاند.

ئەگەرچی تەرازووی هێز لە نێوان شۆڕش و رژێمدا زۆر ناهاوسەنگ بوو، لەگەڵ ئەوەشدا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان زەبری گەورەو كاریگەری بە سوپای عێراقی گەیاند كە یەكێك لەوانە داستانەكەی شەڕی هەندرێن بوو كە بە هێزێكی بچووكەوە، سوپایەكی پڕچەكی تێكشاند كە بووە مایەی سەرسوڕمانی سوپای عێراق و هەموو جیهان.

ئەم سەركەوتنە یەك لە دوای یەكانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، رژێمی عێراقی ناچار كرد لە 11 ی ئاداری ساڵی 1970 دا رێكکەوتننامەیەك لەگەڵ شۆڕشدا ئیمزا بكات كە بە سەرەتای چەسپاندنی مافی گەلەكەمان، لە عێراق تائێستا، دادەنرێت.

بەرزو پیرۆز بێت ئەو یادە مەزنە و سەروەری بۆ شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی كوردستان.