Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆچەر: گفتوگۆی هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەوە دوور لە راگەیاندنە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، گفتوگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دوور لە راگەیاندن بەردەوامە، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن.

جەمال كۆچەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "عێراق لە كورد و سوننە و شیعە پێك هاتووە و راستە ئێمە كەمین و ژمارەی ئەندامانمان 58 ئەندامە و هی ئەوانیش 276 ئەندامن، بەڵام بەبێ ئێمە هیچ حكوومەتێك دروست نابێت و دروستیش نەبووە، بێگومان ئەگەر كوردیش لەگەڵی نەبێت، پارچەیەك لە عێراق لەگەڵ حكوومەتەكە نابێت، ئەمە خاڵێكی بەهێزە و پێویستە كورد بە دروستی كار بكات و یەكهەڵوێست و یەكدەنگ بێت لە بەغدا، چونكە ئەگەر ئێمە بە یەكڕیزی بچینە بەغدا و بە یەك دەست كار بكەین، ئەوەی بمانەوێت بەدەستی دێنین".

كۆچەر گوتیشی: "دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە دوای دەستبەكاربوون، سەردانی بەغدایان كرد و پێش هاتنی بودجەش بۆ پەرلەمان، بۆ یەكەم جارە حكوومەتی هەرێم خۆی داوای لە ئێمە كردووە پێكەوە كۆببینەوە تا بزانین بەیەكەوە چی بكەین لەبارەی بودجەوە، كە ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە، بۆیە پێشنیازمان كرد لە بەغداش ئەو جۆرە دانیشتنانە بكەن و هەموو نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆببینەوە بۆ ئەوەی هەر شتێكمان ویست مسۆگەری بكەین".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "گفتوگۆكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوامن و شاندیش بەردەوام سەردانی بەغدا دەكەن و گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەكەن، بەڵام ئەوەی باشە لە راگەیاندنەكان باس ناكرێت، تاوەكو دەگەنە رێككەوتن، چونكە من پێم باش نییە هەموو شتێك لە راگەیاندن باس بكرێت".

 

بڵند ئیبراهیم