Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"حەفتەی دابێ گۆڕانکاری لە ئیدارەی ھەولێردا دەکرێت"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە حەفتەی دابێ گۆڕانکاری لە ئیدارەی ھەولێردا بکرێت و، دکتۆر فرسەت سۆفی، کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر و لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە متمانەی پێ دەدرێت.

لە سەردەمی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، هەولێر بوژانەوەیەکی گەورەی ئاوەدانی بە خۆیەوە دی، کە قەبارەی پێشکەوتنی هەولێر لەڕووی ئاوەدانی نەوەک تەنیا لە ئاست هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە ئاست عێراق و وڵاتانی ناوچەکەیش دەنگی دایەوە و، نزیکەی ١٧ هەزار پڕۆژە تاوەکوو ئێستا لە هەولێر بە ٣٥ ناحیە و قەزاو گوندەکانییەوە جێبەجێ کران. لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی پۆستە ئیدارییەکانی هەولێر، بڕیار وایە لە حەفتەی دابێ گۆڕانکارییەکان دەست پێبکەن، سەبارەت بەم پرسە، کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای پێکھێنانی کابینەی نوێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاری لە پۆستەکانی دیکەی حکوومەتیشدا دەکات و لەو چوارچێوەیەدا گۆڕانکارییەکان دەست پێ دەکەن و بڕیارە لە حەفتەی دابێت لە سنووری ھەولێر گۆڕانکاری لە پارێزگاری ھەولێر بکرێ و ژمارەیەک پۆستی دیکەیش دەگرێتەوە.

لەبارەی پۆستی پارێزگاری ھەولێرەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "بەپێی یاسا پۆستی پارێزگار پشکی پارتیمانە و پارێزگارێک لە لایەن پارتییەوە بۆ ھەولێر دیاری دەکرێت، پارتییش بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر دکتۆر فرسەت سۆفی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستانی کاندید کردووە."

لەبارەی پڕۆسەی گۆڕینی پارێزگار، خەیلانی ڕوونی کردەوە: "بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ھەموارکراو، حزب ناوی کاندیدی پارێزگا بۆ ئێمە دەنێرێت لە فراکسیۆنی پارتی و ئێمەیش بە ڕاپۆرت بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بەرزی دەکەینەوە و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا دەنگ لەسەر پارێزگاری نوێی ھەولێر دەدرێت." کەنعان خەیلانی گوتیشی: "ئەو گۆڕانکارییانە ئاسایین و ھەموو پۆستە ئیدارییەکانی دیکەش دەگرێتەوە و، بەپێی یاسا لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە بەڕێوە دەچێت." بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگاداریش، نەوزاد هادی، لە ئەرکێکی نوێدا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە پلەی راوێژکار دەستبەکار دەبێت.

قائید میرۆ