Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەوەد ملیار و هەزاران ملیار

زکری موسا
 
شۆڤینیزم بێ بەزەیی و بێشەرم و خۆبەحەقزانە. لە بەرانبەریدا لۆژیك و بەڵگە و ماف و وێژدان نایخوات. ئەگەر بەڕوویدا نەوەستینەوە و پاشەكشە بكەین و بنووزێینەوە بێگومان دڕتر و بەهێزتری دەكەین.
 
لە سەدساڵی ڕابردوودا شۆڤینیزم بە قەومی و دینی و نادینییەوە لە هەر چوار پارچەدا كوردستانی ئازار داوە و هەوڵی تواندنەوەی گەلی كوردی داوە. بەداخەوە هەناسەی شۆڤینیزم و نەژادپەرستی و ئینكار لە ناوچەكەماندا ئەبەدیە و كۆتایی نایەت.
 
لە عێراقدا لەدوای ماوەیەك پشوودان، هەمدیسان دەنگی تەپڵی شۆڤێنییەكان لە دژی خەڵكی كوردستان دەبیسترێت. عادل عەبدولمەهدی كە پیاوێكی تێكۆشەر و ڕۆشنبیرە بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە لەبەرانبەر مافەكانی كوردستاندا كراوەیە. لە هەر كوچەو كۆڵان و شاشەیەكدا قسە لەسەر ئەوەیە كە كورد بە پارەی عێراق قەڵەو و قەبە بووە. بە شار و مۆڵ و خۆشگوزەرانی و خوێندن و زمان و دامودەزگەی هەرێم تەنگاون. چاویان بەوە هەڵنایەت میللەتێكی مەزلووم مومارەسەی ژیانی ئاسایی خۆی بكات.
 
هاوتەریب لەگەڵ تەوژمی شۆڤینیزمدا دەستێوەردانی دراوسێكانیش لە بەغدا هەیە كە بە ئاراستەی لاوازكردنی هەرێم گوشار دەخەنە سەر حكوومەتی عێراق. لە تەنیشت ئەوانەیش هەندێ نوێنەری كورد لە بەغدا ئاو دەكەنە ئاشی شۆڤێنییەكان و چرنۆك بە مافەكانی كوردستاندا دەكێشن. لەگەڵ هەر سێ لەمانەیش بەشێكی ئێمە بە نووزانەوە و خۆبەكەمزانین گوشاری شۆڤێنییەكان بە بابەتێكی مەنتقی دەزانین و كوردستان بەوە ئیتیهام دەكەین كە نەوت ڕادەستی بەغدا ناكەن.
ئامارەكان ئەومان پێ ناڵێن كە تەنانەت حكوومەتە باشەكەی ئێستای عێراقیش پابەندی بەڵێنەكانی بووبێت، ئەوە پارەیەی كە نێردراوە كەمترە لە 30%ـی پێویستییەكانی ساڵانەی بوودجەی هەرێم. 
 
مادام نەفەسی شۆڤینیزم هەمیشە خۆی بە حەق دەزانێت و دەستوور و یاسا و ڕێككەوتن و تەوافوقیش بە ئاسانی پێشێل دەكرێن پێویست دەكات نوێنەر و دانوساندنكارانی هەرێم زۆر جددیتر پێداگری لە مافەكانی هەرێمی كوردستان بكەن و بە زمانی داتا و ئامار و حەقخوازی لەگەڵیاندا بدوێن. كەس نازانێ پارەی چوار ساڵی كوردستان كە بە ناحەق بڕدرا چووەتە گیرڤانی كام شۆڤێنی. نازاندرێ بودجە و موستەحەقاتی چواردە ساڵی پێشمەرگە لە بەغدا لای كێ ماوە.
 
بە هەموو حیساباتێك لە 2005ـەوە هەتا ئێستا بەغدا 90 ملیارد دۆلاری كوردستانی خواردووە و نەیداوە. لە شەڕی داعشدا یەك دینار و یەك فیشەكی بە پێشمەرگە نەداوە. یەك دۆلاری هاوكاری كوردستان نەكردووە لە حەواندنەوەی دووملیۆن ئاوارەی عەرەب. قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و تەعریب و ئاوارەكردن و ئازاری سەد ساڵەی گەلی كوردستانی نەكردووە. ڕاستیتان دەوێ، دەوڵەتی عێراق نە یەك مووچە و دوومووچە بەڵكو بە هەزاران ملیار دۆلار قەرزاری گەلی كوردستانە.