Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی شارەوانی سەركۆنەی دەستدرێژی و تەقەكردن لە فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی دەكات

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان، رێكاری یاسایی دژی ئەو كەسانە دەگرێتەبەر كە زێدەڕۆیی دەكەنە سەر موڵك و ماڵی گشتی و ھێرش دەكەنە سەر فەرمانبەرانی شارەوانی.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت: "لە چەند رۆژی رابردوو چەند حاڵەتێكی نەخوازراو و تاوانكاری لە بەرامبەر چەند فەرمانبەرێكی شارەوانی روویداوە كە دوا حاڵەت تەقەكردن بوو لە بەرێوەبەری بەشی لابردنی زیادەرۆیی لە شارەوانی سلێمانی، سەبارەت بەو رووداو و دەستدرێژیانەی كە كرانە سەر فەرمانبەرانمان كاردانەوەی خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی لە شاری سلێمانی لێكەوتەوە كە داوای پاراستنی فەرمانبەران و جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018یان كردووە. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كاتێك زۆر بە توندی سەركۆنەی دەستدرێژی و كردەوەی تاوانكاری تەقەكردن لە فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی دەكات، لە هەمانكات پشتگیری داواكاری خۆپیشاندەران دەكات و هەموو رێگەیەكی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی فەرمانبەران و دۆزینەوەی تاوانباران بە مەبەستی پەلكێشكردنیان بۆ بەردەم دادگاكانی هەرێم و بە سزا گەیاندنیان".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی شارەوانی ھاتووە: "وەزارەت بەردەوام دەبێت لە لابردنی زیادەرۆییەكان و پاراستنی موڵكی گشتی و جێبەجێكردنی یاسا بەسەر هەموو لایەك بە یەكسانی".