Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شكور عەزیز: بڕیارەكەی مەسروور بارزانی بڕیارێكی حەكیمانە بوو

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی كۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەكانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە هۆی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت بە لادانی ئەو 10 هەزار دینارەی كە لە گەشتیاران وەردەگیرا، كەرتی گەشتیاریی كوردستان دەبووژێتەوە.

شكور عەزیز، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەكانی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە لادانی ئەو 10 هەزار دینارەی كە لە گەشتیاران وەردەگیرا، بڕیارێكی حەكیمانە بوو و دەبێتە هۆی بووژانەوەی كەرتی گەشتیاریی كوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی".

عەزیز ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەوان وەك كۆمەڵە سەرجەم كۆمپانیا عێراقییەكانیان لەم بڕیارە ئاگادار كردووەتەوە، هەروەها بڕیارەكە لە ئێستادا كۆمپانیاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق وەك ریكلامكردنێك بەكاری دەهێنن و بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن.

ناوبراو دەشڵێت: "پێشتر جگە لە وەرگرتنی پارەكە، پرۆسەی پێدانی پارەكەش بۆ كۆمپانیاكان و گەشتیاران كاتی زۆری پێویست بوو، بۆیە ئێستا گەشتیاران لەم كێشەش رزگاریان بوو و دەتوانن بە شێوەیەكی ئاسانتر بێنە هەرێمی كوردستان".

 

هێدی كاكەیی