Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی كۆیە: ڕێگای كۆیە - دێگەڵە ١٥ ڕۆژی دیكە تەواو دەبێت

كۆیە-KDP.info- پڕۆژەی چاككردنەوەی ڕێگای كۆیە - ھەولێر دەستی پێكردووە و لە ئێستادا قۆناغێكی باشی بڕیوە، قایمقامی شارۆچكەی كۆیەش دەڵێت، نزیكەی پانزە ڕۆژی دیكە رێگای كۆیە - دێگەڵە تەواو دەبێت و رێگای دێگەڵەش بۆ ھەولێر دەستی پێكردووە.

٢٢ی ٦ی ٢٠١٩، لە ڕاگەیەنراوێكدا قایمقامیەتی قەزای كۆیە ئاگاداری سەرجەم ھاووڵاتیان و شوفێرانی كردەوە، كە ڕێگای كۆیە - ھەولێر نۆژەن دەكرێتەوە، بۆیە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووك ڕێگای ھەیبەتسوڵتان ـ سماقوڵی بەكار بھێنرێت و هەروەها بۆ ئۆتۆمبیلی بارھەڵگریش ڕێگای سێگرتكان ـ بەستی شەلغە بەكار بھێنرێت.

لەو بارەیەوە، یووسف حەسەن حوسێن، قایمقامی شارۆچكەی كۆیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: پێشتر "لە ڕێگای كۆیە – ھەولێر، بە ھۆی تێكچوونی ڕێگاكەوە چەندین ڕووداوی ھاتوچۆ ڕوویان دا، بۆیە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری دا بودجەی تایبەت دابین بكات و ئێستا قۆناغی یەكەم لە كۆیە بۆ دێگەڵە دەستی پێكردووە، لە بازگەی تۆبزاوەی كۆیەش تاكوو شیواشۆك تەواو كراوە و قیرتاوكردنی ئەمڕۆ تەواو دەكرێت، هەروەها لە شیواشۆك بۆ دێگەڵە تەواوی چاڵەكان پڕ كراونەتەوە و لە قۆناغی پێش كۆتاییدایە، كە قیرتاوكردنییەتی، بڕیاریشە بە نزیكەی ١٥ ڕۆژی تر تەواو چاك بكرێت كۆتایی پێ بێت."

قایمقامی كۆیە گوتیشی: "چەند ڕۆژێكە چاككردنەوەی رێگا لە دێگەڵەوە بۆ ھەولێر دەستی پێكراوە و ئێستا كاركردن گەیشتووەتە گوندی باخچەی ڕێگای كۆیە - ھەولێر."

 

فایزە كۆیی