Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەفتەی داهاتوو مووچەی كەمئەندامان دابه‌ش دەكرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، هەموو رێكارەكانی خەرجكردنی مووچەی كەمئەندامان تەواو بووە و هەفتەی داهاتوو مووچەیان بۆ خەرج دەكرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا و دوای دووبارە پشكنین بۆ كەمئەندامان، بڕیار درا كە مووچەی نزیكەی 13 هەزار كەمئەندامی دیكە بگەڕێتەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش رەزامەندیی دا و هەردوو وەزارەتی دارایی و كاروباری كۆمەڵایەتییش سەرقاڵی ئەنجامدانی رێكاری خەرجكردنی مووچەكەیان بوون.

لەو بارەیەوە، فوئاد سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، رەزامەندیی خەرجكردنی مووچەی كەمئەندامان لەلایەن حكوومەتەوە دراوە و هەموو رێكارەكانیش بۆ خەرجكردنی مووچە تەواو كراون، بۆیە ئەگەر پارەی پێویست بەردەست بێت، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی ئەو كەمئەندامانە دەكرێت.

سدیق گوتیشی، لەو بڕیارەی حكوومەت لەبارەی گەڕاندنەوەی مووچەی كەمئەندامان، 12 هەزار و 750 كەمئەندام سوودمەند دەبن.

 

بڵند ئیبراهیم