Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێڤیدار ئەحمەد: هەفتەی داهاتوو وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەكەین

هەولێر-KDP.info- جێگرى سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە رۆژی دوو شەممەی هەفتەی دابێت، وەزیری دارایی بانگهێشت دەكەن، ئەمەش لە پێناو ئەوەی پێش ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێم رەوانەی پەرلەمان بكرێت، ئەوان زانیارییان هەبێت و گفتوگۆی بكەن.

هێڤیدار ئەحمەد، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، كە هەفتەی دابێ رۆژی یەكشەممە ٢٥ی مانگ، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی و رۆژی دووشەممە ٢٦ی ئەم مانگە، پێش ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێمی كوردستان لە لایەن وەزارەتی داراییەوە رەوانەی پەرلەمان بكرێ، ئەوان وەك لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی بانگهێشتی كۆبوونەوە دەكەن.

ناوبراو هۆكاری بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی هەرێمی روون كردەوە، كە چەند پرسیارێك ئاڕاستەی ناوبراو دەكەن، وەك هۆكاری دواكەوتنی مووچە و چۆنیەتیی دابەشكردنی و پلان و بەرنامەی حكوومەت سەبارەت بە شێوازی دانەوەی پاشەكەوتی مووچە، هاوكات بابەتێكی دیكەیش كە ئەوان بە نیازن لەگەڵیدا گفتوگۆی بكەن، ئامادەكاری و پلانی حكوومەتە لەمەڕ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٠، بەو پێیەی پڕۆژەكە سیاسەتی یەك ساڵی حكوومەتە لە رووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە.

جێگرى سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەش كرد، كە دەیانەوێت لەگەڵ وەزیری داراییدا گفتوگۆی ئەو پەیوەندی و رێگایانە بكەن، كە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا لە رووی رێككەوتنەوە هەیە، دەیانەوێت بزانن وەزارەتی دارایی چ پلانێكی هەیە، هەتا لەگەڵ عێراقدا رێكبكەون.

هێڤیدار ئومێدەواریش بوو، كە ئەنجامێكی باشی هەبێت دوای كۆبوونەوەكەیان، ئەنجامەكەیشی بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەن، هاوكات جەختیشی كردەوە، كە ئەوان هاوكار و پشتیوانی حكوومەتی هەرێم دەبن، لە پێناو كابینەیەكی بەهێز و كوردستانێكی بەهێزدا.

 

خێڵان بەختیار