Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قەرەتەپە.. دوو سەربازی عێراقی و سێ داعش كوژران

قەرەتەپە-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە گوتی، ئەمڕۆ داعش لە سنووری ناحیەی قەرەتەپە هێرشی كردووەتە سەر سەنگەرەكانی سوپای عێراق و سێ سەرباز كوژراون و بریندار بوونە و سێ چەكداری داعشیش كوژراون.

كەمال ئیبراهیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە گوندی كەشكۆڵی بچووك لە سنووری قەرەتەپە بە شێوەیەكی ئاشكرا داعش هێرشی كردە سەر سوپای عێراق، كە لە ئەنجامدا دوو سەرباز كوژراون و یەكێكیش بریندار بووە و سێ چەكداری داعشیش كوژراون و ئێستا تەرمەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەرەتەپەن.

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەتەپە گوتیشی، جموجۆڵی داعش بە شێوەیەك زیادی كردووە و ئێستا لەجیاتی تەقینەوە و كردەی تیرۆریستی، هێرش دەكەن و شەوانە خەڵك لە ترسی خۆی پارێزگاری لە گوندەكان دەكەن و هەر ئەمڕۆ سوپای عێراق سەرجەم ئەنجوومەنەكانیان كۆكردبووەوە و داوای لێیان كردووە هەر یەكێك داعش ببینێت و هەواڵ بە ئەوان نەدات، سزا دەدرێت.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، لە ترسی زیادبوونی جموجۆڵی داعش زۆرینەی گوندەكانی ناوچەكە چۆڵ كراون.

 

بڵند ئیبراهیم