Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە ھۆی مەترسیی پەكەكەوە ژمارەیەك شوێنی گەشتیاری لە دھۆك داخراون

دهۆك-KDP.info- لە ھەندێ ناوچەی پارێزگای دھۆك، چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" سەرانە لە خاوەن شوێنە گەشتیارییەكان وەردەگرن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دھۆكیش ھۆشداری داوە، بە ھیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ پەكەكە نەكرێت و سەرانەیان پێ نەدرێت.

شەماڵ ھرووری، بەڕێوەبەری پشكنین لە گەشتوگوزاری دھۆك،  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "راستە لە ھەندێ ناوچەی گەشتیاریی سنووری پارێزگای دھۆك چەكدارانی پەكەكە سەرانەیان لە شوێنە گەشتیارییەكان وەردەگرت، بەڵام دوای وەرگرتنی زانیاری، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆك ھەموو خاوەن بنكە گەشتیارییەكانی ئاگادار كردووەتەوە، كە بە ھیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە نەكرێت و پارەیان پێ نەدرێت".

ئەو بەرپرسەی گەشتوگوزاری دھۆك دەڵێت: "لە ھەندێك شوێنە لە گەشتیارییەكانی سنووری قەزای زاخۆ، بە ھۆی دوورییان لە ئاوەدانی و نزیكییان لە سنوورەوە، چەكدارانی پەكەكە دەرفەتیان وەرگرتبوو تا پارە لەو شوێنانە وەربگرن، ئەوە چارەسەر كراوە و بابەتە راگیراوە".

ھرووی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەو قەزایانەی وەك ئامێدی و زاخۆ كە ھاوسنوورن لەگەڵ توركیا، بە ھۆی بنكە و بارەگای پەكەكەوە چەندین شوێنی گەشتیاری داخراون و بەشێكیان بە ھۆی مەترسییەوە لەلایەن ھێزە ئەمنی و سەربازییەكانەوە رێگە نادرێت گەشتیاران سەردانیان بكەن، كە ئەویش بۆ سەلامەتیی گیانی ئەوانە، بەداخەوە پەكەكە زیانی زۆری گەیاندووەتە ھەموو كەرتەكان، بەڵام كاریگەریی خراپی لەسەر كەرتی گەشتوگوزار دروست كردووە و تەنیا لە سنووری زاخۆ پازدە شوێنی گەشتیاری داخراون".

 

قائید میرۆ