Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەحمەد سابیر بۆ KDP: ھەلی كار بۆ ٦ ھەزار دەرچوو دەڕەخسێندرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی نوێی دەكردووە، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش پێی وایە، بڕیارەكان دروستن و ھەلی كار بۆ نزیكەی ٦ ھەزار دەرچووی زانكۆكان دەڕەخسێنێت.

لە كۆبوونەوەی دوێنێی وەزارەتی پەروەردەدا بڕیار درا، ٢١-٩-٢٠١٩ بە یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێ خوێندن دیاری بكرێت و ھەروەھا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بەئینگلیزیكردنی ھەردوو بابەتی بیركاری و زانستە گشتییەكان درا.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە جێبەجێكردنی بڕیارێكی وەزارەتەكەیان بۆ قەدەغەكردنی دەوامكردنی مامۆستا و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە قوتابخانە و پەیمانگە و باخچەكانی منداڵانی ناحكوومی، ھەلی كار بۆ زیاتر لە شەش ھەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان دەڕەخسێندرێت.

پەیوەست بە بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە، لە لێدوانێكدا مامۆستا ئەحمەد سابیر، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، وەك یەكێتیی مامۆستان پشتگیری لەو بڕیارانەی وەزارەتی پەروەردە دەكەین، لە ساڵانی رابردوودا رەوشی ئابووریی ھاووڵاتیان خراپ بوو، ئەمەش بە ھۆی شەڕی داعش و بڕینی بودجە لەلایەن بەغدا و ئەو ئابڵووقەیەی خرابووە سەر ھەرێمی كوردستان، كە وایان كرد مامۆستایان بڕۆنە قوتابخانە ئەھلییەكان وانە بڵێنەوە.

ناوبراو پێی وایە، دوای نەمانی پاشەكەوتی مووچە، پێویست ناكات مامۆستا لە قوتابخانە ئەھلییەكان دەوام بكات، لە لایەكی تریشەوە دەڵێت، ھەلی كار دەڕەخسێنێت بۆ نزیكەی ٦ ھەزار گەنج، كە ئەوانەی دەرچووی زانكۆن و دانەمەزراون، ئەمەش بە ھەنگاوێكی باش دەچوێنێ.

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی ھەشت ھەزار مامۆستا لە قوتابخانە و پەیمانگە و باخچەكانی منداڵانی ناحكوومی وانە دەڵێنەوە و بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەش تەنیا ھەزار و ٦٠٠ مامۆستا دەتوانن لە كەرتی ناحكوومی وانە بڵێنەوە.

پەیوەست بە بابەتی ئەزموونی ئەو دەرچووانەش، ئەحمەد سابیر دەڵێت، بۆ ئەو حاڵەتەش وەزارەتی پەروەردە ھەنگاوێكی داناوە بۆ قوتابخانە ئەھلییەكان، كە رێگەی داوە لە سەدا ٢٠ی مامۆستایە حكوومییەكان بەكار بێنین بۆ وانەگوتنەوە، یاخود دابمەزرێن. ناوبراو داوا دەكات قوتابخانە ئەھلییەكان ئەو قوتابییە دەرچووانە دروست بكەن، نەك تەنھا مامۆستا بەئەزموونەكانی حكوومی ببەن.

بە مەبەستی پێداچوونەوە  و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێكردنی مۆڵەتدان بە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحكوومییەكان، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت، دوای كردنەوەی ئەو مۆڵەتدانەش پێویستە مەرجەكان گونجاو و دیاریكراو بن، لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیاندا بێت، نەك بۆ بەرژەوەندیی سەرمایەدار و خاوەن پڕۆژەكان بێت. ئاماژە بەوەش دەكات، وشەی ناحكوومی گونجاو نییە و ناوێكی ھەڵەیە، بۆیە دەكرێت ناو بنرێن "تایبەت" یاخود "ئەھلی".

سەبارەت بە ھەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بەئینگلیزیكردنی ھەردوو بابەتی بیركاری و زانستە گشتییەكان تایبەت بە قۆناغی فێركردنی بنەڕەتی، سابیر رایدەگەیەنێت، بە ھۆی نەبوونی مامۆستای ئینگلیزییەوە ئەو بڕیارە ھەڵوەشێنرایەوە، پێویستی دەكرد وەزارەتی پەروەردە ئەو دەرچووە نوێیانە بە گرێبەست دابمەزرینێت، كە توانای زمانی ئینگلیزییان باشە.

پێشنیازیشیان ئەوەیە، كە ژمارەیەك لە قوتابخانەكان بھێڵدرێنەوە بۆ ئەو قوتابیانەی دەیانەوێت بەردەوام بن لە بەئینگلیزیكردنی ھەردوو بابەت و زەرەرمەند نەبن، ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو دوو بابەتەی كراونەتەوە كوردی، كتێبەكان لە بەردەستدان و كێشە لە نەبوونی ئەو كتێبانەدا دروست نابێت.

 

ھەڵكەوت محەمەد