Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ و كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا كۆبوونەوە

هەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و  كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا، لە دیدارێكدا جەختیان لە هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەولێر و واشنتۆن كردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 20/8/2019 بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیوانی وەزارەت پێشوازیی لە بەڕێز (ستیڤن ڤایگن) كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

سەرەتا بەڕێز كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆ كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە ئەركی نوێیدا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، هەروەها سوپاسی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم بە گشتی و وەزارەتی ناوخۆشی بە تایبەتی كرد بۆ هەماهەنگی و هاوكارییان لە راپەڕاندنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان و، هیواشی خواست ئەم هەماهەنگی و هاوكارییانە بەردەوام بن و زیاتریش پەرە بستێنن.

لە بەرامبەریشدا، بەرێز وەزیری ناوخۆ خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە نیشان دا و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكاشی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لە ماوەی شەڕی داعشدا پێشكەش بە هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانیان كردووە و، راشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان بە گرینگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمەریكا و هیواشی خواست پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بەردەوام بن و سەرجەم بوارەكانیش بگرێتەوە.