Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانتارێکی پارتی"سبەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پڕۆژە یاسای خانووی زێدەڕۆ کۆدەبێتەوە"

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی لیژنەی شارەوانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پڕۆژە یاسای خانووە زێدەڕۆکان کۆببێتەوە و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، پێداچوونەوە بە نرخی تاپۆکردنی خانووەکان دەکەین بەشێوەیەک رەوشی ئابووری خەڵکی ھەژار لەبەربەرچاو بگیرێت.

شوان زراری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پڕۆژە یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و حەفتەی رابردوو گەیشتووەتە دەستی ئێمە وەک لیژنە شارەوانییەکان، بڕیارە سبەی رۆژی سێ شەممە لیژنەی شارەوانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە رەشنووسی پڕۆژە یاساکە".

 

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "ئێمە چەندین تێبینیمان لەسەر پڕۆژە یاساکە ھەیە، بەتایبەتی لەسەر پرسی وەرگرتنی پارە لە کاتی تاپۆکردنی خانووەکان، چونکە ئەو نرخەی ئێستا دیاری کراوە لەگەل رەوشی ئابووری خەڵکی کوردستان ناگونجێ، ئێمە وەک لیژنە دەمانەوێ نرخی تاپۆکردنی یەک مەتر خانوو لە سەنتەری ناحیەکان لە ٣٠ ھەزار دینارەوە بکەینە ٢٠ ھەزار و، لە قەزاکانیش بۆ ھەر مەترێک ٣٠ ھەزار و لە سەنتەری شارەکانیش بۆ ھەر مەترێک ٤٠ تا ٦٠ ھەزار دیاری بکرێت".

 

شوان زراری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "لە عێراق یاسای زێدەڕۆ ھەیە و نابێت یاساکەی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی یاسای عێراق بێت، بەڵام ئێمە لە کاتی ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکە راوێژمان بە ھەموو شارەوانییەکانی ھەرێم کردووە و، ھەرچی لەبەرژەوەندی خەڵکی ھەژاردایە لەبەرچاوی دەگرین، بێگومان دوای پێداچوونەوە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دواتر پەسەند دەکرێت".

قائید میرۆ