Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكات

هەولێر-KDP.info- سكرتێری پەرلەمانی كوردستان گوتی، حكوومەت و پەرلەمان بڕیاریان داوە لەبارەی هەموو پڕۆژەیاساكانەوە هەماهەنگیی تەواو لە نێوانیاندا هەبێت و بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازیش هەردوولا سوورن لەسەر ئەوەی، كە پێویستە پەسەند بكرێت، بۆیە حكوومەت كاری زۆر باشی لەسەر كردووە و بەم زووانە رەوانەی پەرلەمانی دەكات.

 

مونا قەهوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پێش جەژنی قوربان یەكەم كۆبوونەوەی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن ئەنجام درا، كە كۆبوونەوەیەكی زۆر ئەرێنی بوو و لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستاندا بوو، بۆ ئەوەی هەماهەنگیی باش هەبێت لە نێوان هەردوو دەسەڵاتدا و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش، پێویستە حكوومەت پڕۆژەیاسا بۆ پەرلەمان رەوانە بكات بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت.

 

قەهوەچی گوتیشی: "حكوومەت و پەرلەمان سوورن لەسەر پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی، لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەكان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی چاكسازییان بە خەڵك داوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت حكوومەت ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ ئێمە رەوانە بكات و پەسەند بكرێت لە پەرلەمان و ئەو بەڵێنەی بە خەڵك درابوو، جێبەجێ بكرێت".

 

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری زۆر باشی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی كردووە و بەم زووانە رەوانەی پەرلەمانی دەكات و ئێمەش داوامان كردووە هەماهەنگی لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە هەبێت و هەر كەموكوڕییەكیش هەبێ پیكەوەچارەسەری بكەین، بۆ ئەوەی وەكوو خولی پێشوو نەبێت، كە هاتە پەرلەمان و دواتریش ڕەت كرایەوە و بووە موزایەدەی سیاسی، بەڵام ئێستا حكوومەت ئامادەیی نیشان داوە بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك".

 

دەشڵێ: "لە 1/9 پشووی پەرلەمان تەواو دەبێت و تا ئەو كاتیش حكوومەت پڕۆژەیاساكە بۆ ئێمە رەوانە دەكات و ئێمەش لە كاتی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، لەگەڵ فراكسیۆنەكان كۆدەبینەوە و تاووتوێی ئەو پڕۆژەیاسایە دەكەین و دواتریش لە پەرلەمان پەسەند دەكرێت".

 

بڵند ئیبراهیم