Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەكات

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، مووچە و بودجەی ھێزی پێشمەرگە و جووڵەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت.

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە بەرنامەی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەدایە، شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی بەرگریی عێراق بكات و ئەجێندای سەردانی شاندی پێشمەرگەش، پرسی بودجە و مووچەی پێشمەرگە و بریندارەكانی شەڕی داعشە، ھەروەھا یەكێكی دیكە لە تەوەری دانوستانەكان، جووڵەی چەكدارانی داعشە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "لە ھەندێ ناوچەی ھێڵی تەماسی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەداخەوە دەستی داعشی پێگەیشتووە و دەمانەوێ ھەماھەنگی ھەبێت بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی ھەواڵگری لەبارەی چالاكییەكانی داعشەوە".

لیوا بابەكر ئاماژەشی دا: "شاندی وەزارەتی پێشمەرگە دوای كۆتاییھاتنی پشووی جەژن بڕیارە سەردانەكە ئەنجام بدات، ھەرچەندە كاتەكە دیاری نەكراوە، بەڵام چاوەڕێ دەكەین لە هەفتەی داھاتوودا سەردانەكە ئەنجام بدرێت و لەسەر ئاستێكی باڵای وەزارەت ھەر لە سەرۆكایەتیی ئەركانەوە بگرە تا ئەو ئاستەی پێویستە، بەشدار دەبن".

پەیوەست بە خەرجكردنی مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە و گلدانەوەی حەوت مووچەی پێشمەرگە، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد روونی كردەوە: "یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەی ھەردوو وەزارەت، پرسی مووچەی پێشمەرگەیە، چونكە تا ئێستا خەرج نەكراوە و پێویستە دیراسەتی ئەو بابەتە بكرێت و ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە بەپێی یاسا خەرج بكرێت".

 

قائید میرۆ