Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

په‌یامى نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتی، له‌ یادى 16ى ئابدا

هەولێر-KDP.info-  بەبۆنەی (73)ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایی لە جه‌نابى سەرۆك بارزانى، مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، هەموو لق و ناوچە و ڕێكخراو و بنكه‌كان، خانه‌واده‌ى شەهیدان و كادیران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی پارتی لە ساڵی 1946دا وەرچەرخانێكی مێژوویى بوو له‌ كوردستان، لەوكاتەوە ئیرادەی كوردستانییان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ بۆ ئازادی و پێشكەوتن بووە هێز و بزووتنەوەیەكی ڕێكخراو و سەرتاسەری. دامەزراندنی پارتی بووە سەرەتای بووژانەوەیەكی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ڕۆشنبیری لەنێو كۆمەڵگەی كوردستاندا و گەلی كوردستان بووە خاوەن بزووتنەوەیەكی سیاسی حیساببۆكراو لە ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابه‌رایه‌تیى بارزانیی نەمر، بۆ یەكەمجار بووە خاوەن درێژترین و فراوانترین شۆڕش لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا و توانی بەشێك لە ئامانجەكانی گه‌لى كوردستان لە ڕێككەوتنێكی سیاسیی فەرمیدا لەگەڵ حكوومەتی عێراق جێ بكاتەوە، ئەوەش بووە مایەی بەدەستهێنانی دانپێدانانێكی جیهانی بە ڕەوایەتیی دۆز و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، هەروەها لە شۆڕشی ئەیلوولدا پارتی بووە خاوەنی گەورەترین هێزی شۆڕشگێڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

پارتی نسكۆ و سەختی بینیون، بەڵام چونكە خاوەن باوەڕ و بنچینەیەكی ڕیشەداری بەهێزە، هەمیشە توانیویەتی هەموو نسكۆ و سەختییەكان تێپەڕێنێت و مایەی مانەوە و سەركەوتن بێت بۆ كوردستانییان، هەروەها بەشدارێكی بەهێز بووە لە بزووتنەوەی دیموكراسی و مەدەنیی عێراقدا، لەبەرئەوە لە مێژووی عێراقیشدا خاوەن پێگەیەكی بەهێزە.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە شانازیی گەورەی هەیە لە دروستبوون و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیی هەرێمی كوردستان و چەسپاندنی وەك قەوارەیەك لە دەستووری عێراقدا، لە هەمان كاتدا پارتی و پارتییەكان شانازیی بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی هەمەلایەنەی هەرێمی كوردستان و پاراستنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یییان هەیە. قارەمانیه‌تیی ئەندامان و جەماوەری پارتی جارێكی دیكە لە بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا خۆی نواندەوە كه‌ وەك هێزی پارێزەری ئازادیی جیهان، شانازییەكی گەورەی جیهانی تۆمار كرد.

پارتی وەك هێزێكی ڕیشەدار و بزووتنەوەیەكی جەماوەریی بنكەفراوان، خاوەن هێزێكی زۆر بەهێزی ئاوەدانی و نوێبوونەوە و پێشكەوتنە. لاوان و قوتابیان و ئافره‌تانى پارتی حەزێكی گەورەیان هەیە بۆ كار و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، پارتی بە پشتیوانیی تێكۆشەرە دێرین و بەئەزموونەكانی و جه‌ماوه‌رى دڵسۆزى كوردستان بەهێزتر دەبێت، هەر لەبەرئەوەش لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا، لەمەودواش پارتی بە كارنامە و پلانی بەرفراوانتر دەتوانێت زیاتر خزمەتی دۆز و ئامانجەكانی گەلی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ بكات.

دووباره‌ ئه‌م یاده‌ له‌ هه‌موو كوردستانییان پیرۆز بێت.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
15/8/2019