Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. ڤیان: دوو لیژنە لە نێوان ھەرێم و بەغدا پێك ھاتوون

هەولێر-KDP.info- بڕیارە شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوای پشووی جەژن سەردانی بەغدا بكات و بەرپرسێكی پارتیش لە بەغدا ئاشكرای كرد، سەردانەكان لەلایەن ھەردوو حكوومەتەوە بەردەوامییان دەبێت و دەشڵێ، دوو لیژنە بۆ چارەكردنی كێشەكان پێك ھێنراون.

 

دكتۆر ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە چوارچێوەی دانوستانەكانی نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ، گەیشتوونەتە رێككەوتن دوو لیژنەی ھونەری و تەكنیكی پێك بێن بۆ ئەوەی سەردانەكان لەلایەن ھەردوولاوە بەردەوامییان ھەبێت بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەردوولا، واتا ناردنی شاند لەلایەن ھەردوولاوە بەردەوامییان دەبێت".

 

دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، شاندێكی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەردانی بەغدای كرد و ھەردوولا گەیشتنە ئەنجام بۆ چارەكردنی كێشەكان لە رێگەی دانوستانەوە.

 

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دەڵێت: "سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیران بۆ بەغدا، بەرھەمدار بوونە و كاریگەرییان ھەبووە لەسەر پێشڤەچوونی پەیوەندییەكان، پێكھێنانی دوو لیژنەش بۆ چارەكردنی كێشەكان، یەكێكە لە ھەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی و چارەسەركردنی یەكجارەكیی گرفتەكان".

 

قائید میرۆ