Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەستەی گەشتوگوزار: هەموو ئامادەكارییەك بۆ جەژن كراوە.. گەشتیاران: كوردستان خۆش و ئارامە

هەولێر-KDP.info- گەشتیاران بە ئاو و هەوای كوردستان دڵخۆشن و دەڵێن، كوردستان ئارامە و شوێنی زۆر خۆش و دڵڕفێنی هەیە، ئەوەش وای كردووە كە بەردەوام سەردانی كوردستان بكەن. دەستەی گەشتوگوزاریش رایدەگەیەنێت، لەم هاوینەدا رۆژانە 15 تا 20 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و هاوینێكی پڕ لە گەشتیار بووە، هەروەها بۆ جەژنی قوربانیش ئامادەكاری كراوە و ژمارەی گەشتیاران زۆر زیاتر دەبێت.

 

فاتیمە مەنسوور، كە گەشتیارێكی ناوەڕاستی عێراقە و سەردانی هاوینەهەواری بێخاڵی كردووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "كوردستان زۆر خۆشە و شوێنی زۆر دڵڕفێنی هەیە، خەڵكەكەشی رێز لە گەشتیاران دەگرن، ئەوەش هۆكار بووە كە ساڵانە بەردەوام سەردانی كوردستان بكەین و كاتێكی خۆش بەسەر ببەین".

 

یوونس محەمەد، گەشتیارێكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "مامەڵەی دەزگا ئەمنییەكان لەگەڵ گەشتیاران زۆر باشە، لەگەڵمان هاوكارن بۆ ئەوەی بە زووترین كات بگەیە شوێنە گەشتیارییەكان، ئەوەش زیاتر سەرنجی گەشتیارانی راكێشاوە، كە بەردەوام روو لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێم بكەن".

 

هاوكات مریەم نووری، كە ئەویش لە باشووری عێراقەوە هاتووە و دەیەوێت پشووی جەژن لە كوردستان بەسەر ببات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، كە ئەو جەژنە لە كوردستان دەبێت، سەبارەت بە هۆكاری هەڵبژاردنی كوردستانیش دەڵێ: "كوردستان شوێنی زۆر خۆشی هەیە، كاتێك كە سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەی، حەز ناكەی بەجێیان بهێڵی، ئێستاش بۆ سەلامەتیی گیانی گەشتیاران چەند رێنماییەك لەو شوێنانە دەركراون، ئەوەش زیاتر گەشتیارانی دڵخۆش كردووە، هیوادارین كوردستان هەروا پێش بكەوێت و ئاوەدان بێت".

 

نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "وەكو دەستەی گەشتوگوزار زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان كردووە، تا بە هەمان شێوەی ساڵانی رابردوو ئامادەكاری بكەین بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەزارەتی شارەوانی، ناوخۆ و تەندروستی و دەستەی ژینگەی راسپاردن كە هەڵبستن بە چاودێریكردن و بەدواداچوون و دەركردنی رێنمایی بۆ پاراستنی گیانی گەشتیاران، ئەوەش كاری لەسەر كراوە و رێنمایی پێویستی بۆ دەركراوە".

 

رۆستی گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە لەم جەژنەدا ژمارەی گەشتیاران زیاتر دەبێت لە چاو جەژنەكانی دیكە، دەتوانین پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆر بكەین و شوێنە گەشتیارییەكان ئامادەكاریی خۆیان كردووە، هەر چەندە لە جەژنی رەمەزان تا ئێستا بەردەوام گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، كە رۆژانە زیاتر لە 15 تا 20 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم، بۆیە هاوینێكی پڕ لە گەشتیار بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەكاریی باشتر كراوە، بۆ ئەوەی لە جەژندا ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیار كە دێن، خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش بكرێت".               

 

ڕابین شێروانی