Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"بڕیارە ھێزێکی ھاوبەش بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی حەشد لە دەوروبەی مووسڵ جێگیر بکرێت"

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا ئاشکرای کرد، دەشتی نەینەوا لە لایەن ھێزێکی ھاوبەشەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەوەش بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبییە و دەشڵێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو ئاڵۆزییانە ئاگادار کراوەتەوە کە لیوای ٣٠ی حەشد دەیانکەن.

شیلان باجەلان، کارگێڕی لقی ١٤ی مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند یەکەیەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای نەینەوا سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی ئەو سنوورەن و لەو چوارچێوەیەدا عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ھاوکات فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانیشە، بڕیاری داوە لیوای ٣٠ی حەشد لە دەشتی نەینەوا پاشەکشە بکات و ناوچەکە چۆڵ بکات، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیارەکە، حەشدی شەعبی ھاووڵاتیانی ناوچەکەی بۆ خۆپێشاندان دژی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەکار ھێنا و، ھەتا ھەڕەشەی لە گوندەکانی سنوورەکە کردووە ھەر گوندێک ١٠٠ کەس بنێرن بۆ خۆپێشاندان."

بەرپرسەکەی پارتی لە شاری مووسڵ گوتیشی: "دوای گرتنی ڕێگای مووسڵ- ھەولێر و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بڕیار دراوە لیواکەی حەشد لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، بەڵام ھێزێکی ھاوبەش لە پۆلیس و سوپای عێراق و ھێزەکانی دیکەش لە ناوچەکە جێگیر دەکرێن و بە ھاوبەشی مەلەفی ئەمنی سنوورەکە بەڕێوە دەبەن، چونکە ھەبوونی ئەو ھێزەی حەشد کێشەی بۆ خەڵکی دەشتی نەینەوا ناوەتەوە."

شیلان باجەلان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دەرکردنی بڕیاری گرتنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی لیوای ٣٠، لەوەوە ھاتووە، کە بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەست عادل عەبدولمەھدی، ئەو ھێزەی حەشد دەستی لە چەندین پێشێلکاریدا ھەبووە، لەوانە وەرگرتنی پارە و سەرانە لە خەڵکی ناوچەی دەشتی نەینەوا بە ھەموو پێکھاتەکانەوە، لەبەر ئەوە پێمان وایە تا میلیشیات لە سنووری پارێزگای نەینەوا بمێنێت، کێشەی زیاتر بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دەنێنەوە و حەشدی شەعبی خۆی بەشێکە لە ئاڵۆزییەکان."

قائید میرۆ