Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا هێرش: ھەر ئۆتۆمبێلێكی حكوومی لە دوای دەوام كاری پێ بكرێت دەستبەسەر دەكرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی نوێی دەركردووە، كە  نابێ ئۆتۆمبێلی حكوومی بۆ كاری تایبەت بەكار بھێنرێت، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ھەولێریش دەڵێت، ھەر بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتێك ئۆتۆمبێلی حكوومەت لە دوای دەوام بەكار بھێنێت، ئۆتۆمبێلەكەی لێ وەردەگیرێتەوە و سزا دەدرێت.

لیوا ھێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارێكی نوێی دەركردووە، كە لە ئێستادا كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و لۆگۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە تەواوی ئۆتۆمبێلە حكوومییەكان دەدات، تا لە دوای دەوام بۆ كاری تایبەت و كەسی بەكار نەھێنرێن."

بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ھەولێر گوتیشی: "ھەر ئۆتۆمبێلێكی حكوومی ھی ھەر دامودەزگایەكی حكوومی بێت، لە دوای دەوامی فەرمی كاری تایبەت و كەسیی پێ بكرێت، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و ئۆتۆمبێلەكە دەستبەسەر دەكرێت و دووچاری سزای ماددییش دەبنەوە، جا ھەر كەس و بەرپرسێك بێت."

 

فایزە كۆیی