Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەقید سەران: ژمارەیەكی زۆر پاسەوانمان لە بەرپرسان وەرگرتووەتەوە

 

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری پۆلیسی پاسەوانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، هەر بەرپرسێك رێنمایی پێدانی پاسەوان نەیگرێتەوە، پاسەوانەكانی دەخرێنەوە سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و دەشڵێ: "ژمارەیەكی زۆر پاسەوانمان لە بەرپرسان وەرگرتووەتەوە".

 

عەقید سەران لەتیف نەجم، بەڕێوەبەری پۆلیسی پاسەوانیی هەولێر، بە میدیاكانی راگەیاند، پێدانی پاسەوان بە بەرپرسان، بە پێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆیە و ئەوەش بە گوێرەی پلەبەندییە، كە لە رێنماییەكەدا بە وردی ڕوون كراوەتەوە.

 

بە وتەی سەران لەتیف، ئەوان وەك پۆلیسی پاسەوانی، ژمارەیەكی زۆر پاسەوانیان لە بەرپرسان وەرگرتووەتەوە، كە وادەی پێدانی پاسەوان پێیان، كۆتایی هاتبوو و سەرجەمیشیان خراونەتەوە سەر میلاكی پۆلیسی هەولێر.

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی پاسەوانیی هەولێر دەشڵێ، هەر بەرپرسێك رێنمایی پێدانی پاسەوان نەیگرێتەوە، پاسەوانەكانی لێ وەردەگیرێتەوە و بەسەر ئەو فەرمانگانەدا دابەش دەكرێن كە پێویستیان بە پاسەوانە.

 

عەقید سەران داواشی كرد، سەرجەم بەرپرسان پابەندی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ بن و ئەوانەی كە پێویستیان بە پاسەوان نییە یاخود پاسەوانی زیادیان هەیە، بیانگەڕێننەوە بۆ سەر میلاكی پۆلیسی هەولێر، تا ئەو دەزگا و دامەزراوە حكوومیانەی گرفتی كەمیی میلاكیان هەیە، پاسەوانیان بۆ دابین بكرێت.

 

ئومێد بابان