Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پەکەکە سەرانە لە شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ وەردەگرێت"

زاخۆ-KDP.info- چەکدارانی پەکەکە سەرانە لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری قەزای زاخۆ وەردەگرن و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزاکەش دەڵێ، پەکەکە زیانی گەورەی بە کەرتی گەشتیاری گەیاندووە و چەندین شوێنی گەشتیاری بەھۆی ھەبوونی پەکەکەوە ئاوەدانییان بۆ نەچووە.

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی ھەبوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە نەتوانراوە خزمەتگوزاری بۆ ژمارەیەک ناوچەی گەشتیاریی سنووری قەزای زاخۆ دابین بکرێت و گەشتیاران ناتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن. سەرەڕای ئەوەش، چەکدارانی پەکەکە لە ھەندێ ناوچەی گەشتیاری سەرانە لە شوێنە گەشتیارییەکان وەردەگرن و بەزۆر پارەیان پێ کۆ دەکەنەوە بۆ خۆیان."

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ دەڵێت: "چەکدارانی پەکەکە وێڕای وەرگرتنی سەرانە لە خاوەن کەپر و شوێنە گەشتیارییەکان ھەڕەشەی ئەوەیشیان لێ کردوون، ئەگەر بێت و لایەنی پەیوەندیدار و حکوومەت لەو کارەیان ئاگادار بکەنەوە سزایان دەدەن."

چیا ئەمین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پەکەکە ھێزێکی توندڕۆیە و زیانی زۆری بۆ کەرتی گەشتیاری لە سنووری زاخۆ ھەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە کەرتی گەشتیاری لە گەشەکردنە و ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران زۆر بەرز بووەتەوە، کە تەنیا لە شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٥ھەزار گەشتیار سەردانی قەزای زاخۆیان کردووە."

قائید میرۆ